لقی هەولێری سەندیکای کارمەندانی تەندروستی: داوا دەکەین مامانەکان دابمەزرێندرێن
رووداو - تەندروستی
ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی پەرستارانی مامانییە و لقی هەولێری سەندیکای کارمەندانی تەندروستی رایدەگەیێنێت، 450 بۆ 470 مامان تۆمارکراون و کێشەی کەمیی ژمارەی مامان لە هەرێمی کوردستان هەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە 5-5-2025 شاخەوان سەلیم، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کارمەندانی تەندروستی بە رووداوی گوت، ژمارەی مامان لە نەخۆشخانە گشتییەکانی هەولێر کەمە و کێشەی کەمیی رێژەی کارمەندانی مامان لەنێو نەخۆشخانە حکومییەکان هەیە.
شاخەوان سەلیم دەڵێت: داوا دەکەین مامانی زیاتر دابمەزرێندرێن و کارکردن لە بواری پەرستاریدا خۆبژێوی دابین دەکات.
ئەو روونی دەکاتەوە، پەرستاران دەتوانن خۆبژێوی بە پیشەکەیانەوە بکەن، بەڵان پێویستە پاڵپشتی بکرێن و ئاسانکارییان بۆ بکرێت.
لە کۆتاییدا ئەوەش ئاشکرا دەکات، 450 بۆ 470 مامان لە لقەکەیان تۆمارکراون کە پێشبینیش دەکرێت، دوو ئەوەندەی ئەو ژمارەیە مامان هەبن، بەڵام تۆمار نەکرابن.