دوو هەڵەی باو لەبارەی نەخۆشیی پاقلە بزانە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکان و گەشەی منداڵان رایدەگەیێنێت، زۆرجار دایک و باوکان کاتێک دەزانن منداڵەکەیان نەخۆشیی پاقلەی هەیە، تووشی دڵەڕاوکێ دەبن و پەنا بۆ بڕیاری هەڵە دەبەن.
د. سۆران سابیر کە پسپۆڕی نەخۆشییەکان و گەشەی منداڵانە دوو هەڵەی باو لەبارەی نەخۆشییەکە راست دەکاتەوە؛
هەڵەی یەکەم؛ هەموو پاقلەمەنییەکان قەدەخەن!؛ هەندێک وا دەزانن ئەو منداڵەی کەمیی ئەنزیمەکەی هەیە، نابێت نیسک، نۆک، لۆبیا یان فاسۆلیا بخوات.
راستییەکەی چییە؟
تەنیا "پاقلە" بە هەموو جۆرەکانیەوە (تەڕ، وشک، سوورەوەکراو) قەدەخەی سەرەکییە. زۆربەی زۆری ئەم منداڵانە کێشەیان لەگەڵ نیسک و نۆک و پاقلەمەنییەکانی دیکە نییە. قەدەخەکردنی هەموو ئەمانە، منداڵەکە لە سەرچاوەیەکی گرنگی پڕۆتین بێبەش دەکات.
هەڵەی دووەم؛ پاقلە بۆ هەموو کەمخوێنێک خراپە!؛ زۆر کەس وا دەزانن هەر کەسێک کەمخوێن بێت، نابێت پاقلە بخوات.
راستییەکەی چییە؟
پاقڵە دەوڵەمەندە بە ئاسن و فۆڵیک ئەسید. ئەو کەسانەی کەمخوێنن بەهۆی "کەمیی ئاسن"، پاقلە یەکێکە لە باشترین و بەسوودترین خواردنەکان بۆیان. پاقڵە تەنیا بۆ ئەو کەسانە مەترسیدارە کە "کەمیی ئەنزیمەکەیان" هەیە، نەک بۆ کەمخوێنیی ئاسن.
نەخۆشیی پاقلە (G6PD) چییە؟
حاڵەتێکی بۆماوەییە کە تێیدا خڕۆکە سوورەکانی خوێن ئەنزیمێکی گرنگیان کەمە بۆ پاراستنیان، هەر بۆیە بە ئاسانی خڕۆکە سوورەکانی تێکدەشکێن. کاتێک منداڵەکە پاقلە دەخوات یان هەندێک دەرمانی دیاریکراو بەکاردەهێنێت، خڕۆکە سوورەکانی تێکدەشکێن و تووشی کەمخوێنییەکی کتوپڕ دەبێت.