ئەندامێکی لیژنەی فەتوای هەرێمی کوردستان: موسوڵمان دەبێت پابەندی مەرجە تەندروستییەکان بێت
رووداو - تەندروستی
ئەندامێکی لیژنەی فەتوای هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، مەرجە تەندروستییەکانی قوربانیکردن جێبەجێ بکرێن و هەر بڕیارێک لە وەزارەتی تەندروستی دەرچوو، موسوڵمانان پابەندی بن.
لە دیبەیتێکدا کە دکتۆر ئاراس برادۆستی پێشکێشی کرد، مامۆستایەکی ئایینی و ئەندامی لیژنەی فەتوا ئامادەی دیبەیتەکە بوو و فەتوایەکی لەسەر قوربانیکردن دا کە دەبێت خەڵک پابەندی مەرجە تەندروستییەکان بن.
مامۆستا محەممەد ئێنەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شتێک مەترسیدار بوو دەبێت لێی دووربکەوینەوە.
د. شیلان غازی، ئەندامی سەندیکای پزیشکانی ڤێتێرنەری دەڵێت: ''دەبێت لەکاتی قوربانی، کەس نەبێتە قوربانی''.
ئەمساڵ لە کەرکووک پێنج تووشبوو، لە دهۆک و هەولێر یەکی دوو تووشبوو و لە سنووری سلێمانی و زاخۆش یەکی یەک تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمار کراون.
پزیشکێکی ڤێتێرنەری باسی ئەو کاتە دەکات کە گۆشتی قوربانیتان بۆ دێت. ئەو دەڵێت: نابێت راستەوخۆ بخورێت.
د. نوسەیبە حەمەد ساڵح، پزیشكی ڤێتێرنەری گوتی، ''گۆشتی قوربانی 12 بۆ 24 کاژێر بکرێتە بەفرگرەوە''.
پسپۆڕانی ڤێتێرنەری ئاماژە بەوە دەکەن، جەژنی قوربان هیچ پەیوەندییەکی بە تای خوێنبەربوونەوە نییە.
بەڵکو پەیوەندیی بە زۆریی خواست لەسەر سەربڕینی ئاژەڵ و لەباریی کەشوهەوا بۆ چالاکیی گەنەکان دەبەستێت.
دیبەیتەکە بە بەشداریی هەریەک لەمانەی خوارەوە بوو؛
د. ئاریان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی گەرمیان
د. سەعدی تەیب، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی راپەڕین
مامۆستا محەممەد ئێنەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان
د. شیلان غازی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەندیکای پزیشکانی ڤێتێرنەریی کوردستان
د. کاوە ئەحمەد، بەرپرسی کوشتارگەی هاوچەرخی دهۆک
د. ئازاد مەهدی، بەرپرسی کوشتارگەی هاوچەرخی زاخۆ
د. نوسەیبە حەمەد ساڵح، پزیشكی ڤێتێرنەری