بەڕێوەبەری کوشتارگەی راپەڕین: سەربڕینی ئاژەڵ تەنیا لە کوشتارگە بێت

رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەری کوشتارگەی راپەڕین داوای سەربڕینی ئاژەڵ لە کوشتارگەکان دەکات و دەڵێت: نیشانەکانی تای خوێنبەربوون لەسەر ئاژەڵ دەرناکەوێت، بەڵام بە پشکنینەکانی کوشتارگە دەکرێت ئاشکرا بکرێن.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5-6-2025 دکتۆر ستیڤان جەعفەر، بەڕێوەبەری کوشتارگەی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند، کوشتارگەی رانیە مۆدێرن نییە، هەر بۆیە زیاتر پەنایان بردووەتە بەر باشترکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی و هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە سەربڕینی ئاژەڵ.
 
هەرچەندە بەگوتەی دکتۆر سەعدی تەیب، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی راپەڕین، ''کوشتارگەی دەڤەرەکە کوشتارگەیەکەی نافەرمییە و رۆژانە 10 بۆ 15 ئاژەڵی تێدا سەردەبڕدرێن، و تەنانەت بووەتە شوێنی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوونیش''. بەڕێوەبەری کوشتارگەکەش دەڵێت: ''پێویستە هەر ئاژەڵێکی قوربانی لە کوشتارگە سەرببڕدرێن، چونکە پشکنینی وردی بۆ دەکرێت''.
 
تای خوێنبەربوون چۆن دەگوازرێتەوە؟
 
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەکرێت مرۆڤ بە سووکی تووشی بێت و لە زۆر باریشدا دەیکوژێت، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: رێژەی مردن لەنێو تووشبووان 10٪ بۆ 40٪ـە. ڤایرۆسەکە لە رێگەی ئاژەڵ و مێشوولەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ کە رێگەکانی گواستنەوە بریتین لە:
 
لەکاتی پێوەدانی گەنە و مێش و مەگەزی هەڵگری ڤایرۆسەکە
لەکاتی کوشتنی گەنە و مێش و مەگەزی هەڵگری ڤایرۆسەکە
لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
لەکاتی بەرکەوتن بە ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
خواردنی گۆشتی ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
بەریەککەوتن لەگەڵ کەسێکی تووشبوو
بەریەککەوتن لەگەڵ جرج و مشک
 
بۆچی تای خوێنبەربوون مەترسیدارە؟
 
تای خوێنبەربوون زیان بە موولوولەکانی خوێن دەگەیێنێت و دووچاری خوێنبەربوونیان دەکات، هەر ڤایرۆسەکە ئاستەنگ لەبەردەم خوێن مەیاندن دروستدەکات، لەئەنجامدا خوێنبەربوونی نێوەکی لێدەکەوێتەوە و مەترسیی لەسەر ژیانی کەسی تووشبوو دروستدەکات.
 
نیشانەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون:
 
تا
شەکەتی و هەستکردن بە بێهێزی
سەرسووڕان
ئازاری ماسوولکە، ئێسک یاخود جومگەکان
هێڵنج و رشانەوە
سکچوون
 
ئەو نیشانانەی کە مەترسی لەسەر ژیان دروستدەکەن:
 
خوێنبەربوونی ژێر پێست یاخود ئۆرگانە ناوخۆییەکان یاخود لە دەم، گوێ و چاو.
لەکارکەوتنی سیستەمی دەمار
کۆما
سستبوونی گورچیلە
ناکارابوونی کۆئەندامی هەناسەدان
ناکارابوونی جگەر
 
چۆن خۆمان لە تای خوێنبەربوون بپارێزین؟
 
رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون پڕ ئاڵنگارییە، بەتایبەتی لەکاتێکدا هیچ پێکوتەیەک نییە ڤایرۆسەکە کۆتایی پێبێنێت، بەڵام چەندین رێگە هەن بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون، بۆ نموونە شوێنی کارکردن. 
 
نابێت رێگەبدرێت ببێتە ژینگەیەکی لەبار بۆ جووڵەی مێشوولە. لەکاتی گەشت و گەڕان بە نێو هەرناوچەیەک کە مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەی لێدەکرێت، پێویستە پۆشاکی پێویست لەبەر بکرێت کە دەست و قاچ و رووخسار داپۆشێت. لەکاتی سەربڕینی هەر ئاژەڵێک پێویستە پۆشاک و دەستکێش بەکاربهێنرێت و دوای تەواوبوونی کارەکە، خۆمان و شوێنەکە بشۆین.
 
رێگەکانی خۆپارێزی لە چەند خاڵێکدا
 
پۆشینی پۆشاک و دەستکێش لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ
پۆشینی پۆشاکی قۆڵدرێژ لەو شوێنانەی گومانی بوونی ڤایرۆسەکەی لێدەکرێت
رشاندنی ژینگەی کارکردن
دوورکەوتنەوە لە ژینگەی گوماناوی
دوو هەفتە بەر لە سەربڕین، پشکنین بۆ ئاژەڵ بکرێت
دوورکەوتنەوە لە کەسی تووشبوو
دەستشۆردن لەدوای سەردانی نەخۆش