خۆپاراستنی دهۆک: ئێستا هیچ کەیسێکی گوماناویی تای خوێنبەربوونمان نییە
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی دهۆک رایدەگەیێنێت، ئێستا هیچ تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون لە نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک نەماوە و هیچ کەیسێکی گوماناویش تۆمار نەکراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5-6-2025 د. فەرهاد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، لە دهۆک تەنیا ئەو دوو تووشبووەی تای خوێنبەربوون تۆمارکران کە دانەیەکیان گیانی لەدەستدا.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان 'لە هەولێر دوو تووشبوو، لە دهۆک دوو تووشبوو، لە زاخۆ یەک تووشبوو و لە رانیەش یەک تووشبوو'ـی تای خوێنبەربوون دەستنیشان کراون.
ئەمساڵ تاوەکو ئێستا لە سنووری کەرکووک (ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان) پێنج کەس بە تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستداوە.
خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ
- بەکارهێنانی دەستكێش، ماسک و جلوبەرگی تایبەت
- دەستشۆردن
- نابێت ئەندامانی خێزان کۆببنەوە لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ
- سەرجەم پاشماوەی ئاژەڵی سەربڕدراو بخرێتە نێو کیسی داخراو
- پاکژکردنی چەقۆکان دوای سەربڕین بە دەرمانی دژەبەکتریا و دژەڤایرۆس
- پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەردەبڕدرێت بە ''فاست''
- دوای سەربڕینی ئاژەڵ 24 کاژێر گۆشت لەنێو بەفرگردا هەڵبگیرێت
- باشترە گۆشت بکوڵێندرێت
- بەکارنەهێنانی ئەو ئاژەڵانەی گەنە یاخود مێروویان پێوەیە
رێگەکانی گواستنەوەی تای خوێنبەربوون
- پێوەدانی گەنەی تووشبوو بە نەخۆشییەکە
- بەرکەوتنی راستەوخۆ بە پاشماوە، گۆشت و ئاژەڵی تووشبوو بە نەخۆشییەکە
- بەرکەوتن بە شلە و پاشماوەی کەسی تووشبوو
- بەرکەوتن بە شلە، گۆشت و پاشماوەی ئاژەڵێک کە گەنەی لەسەر بێت
ئەوانەی مەترسیی تووشبوونیان زیاترە
* ئاژەڵدار
* گۆشتفرۆش
* کرێکارانی سەربڕخانەکان
* پزیشکی ڤێتێرنەری
* کابانی ماڵەوە
* بەرکەوتەی کەسی تووشبوو