هەفتانە دووجار خواردنی خۆراکە خێراکان، ئەم مەترسییەی دەبێت

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی زانکۆی کامبریج لە بەریتانیا دەریدەخات، ئەوانەی هەفتانە زیاتر لە دووجار خۆراکە خێراکان [خۆراکە ئامادەکراو]ـەکان دەخۆن، ئەگەری تووشبوونیان بە خەمۆکی دوو ئەوەندەیە.
 
توێژینەوەکە وەکو راپرسی لەسەر زیاتر لە 28 هەزار کەس کرا و دەرکەوت، بەشێکی زۆری ئەوانەی هەفتانە لانیکەم دووجار خۆراکە خێراکان دەخۆن، دوو یان سێ نیشانەی خەمۆکییان هەبووە.
 
پڕۆفیسۆر د. سومانترا رێی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: خۆراکە خێراکان هیچ بڕێکی گونجاو مادەی خۆراکییان نییە و پڕن لە شەکر و خوێی زیادکراو، لەگەڵیشیان بڕێکی زۆر مادەی پارێزەریان تێدایە.
 
بەگوتەی ئەو سەرپەرشتیارە، مادەکانی نێو خۆراکە خێراکان هاندەرن بۆ لاوازبوونی مێشک و پووکانەوەی، بەمەش ئاوەزی مرۆڤ تێکدەدەن.
 
بەپێی مایۆکلینیک، پاشهاتەکانی خەمۆکی لەسەر مێشک بریتین لە؛
 
- خەمخواردن و نەبوونی مەزاج
- هەستکردن بە بێ هیوایی
- هەستکردن بە تاوان و ئازاردانی خود
 
پاشهاتەکانی خەمۆکی لەسەر جەستە؛
 
- قسەکردن و جووڵەکردن زۆر بە هێواشی بەراورد بە پێشتر
- نەمانی ئارەزووی خواردن 
- قەبزی
- تێکچوونی خەو
- نەمانی ئارەزووی سێکسی
 
پاشهاتەکانی خەمۆکی لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی؛
- کەمیی تێکەڵاویی کۆمەڵایەتی
- پشتگوێخستنی حەز و ئارەزووەکان
- قورسی لە کارکردن و ژیانی رۆژانە