حکومەتی بەریتانیا پێشنیازدەکات تەمەنی یاسایی بۆ جگەرەکێشان زیادبکرێت
رووداو - تەندروستی
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایدەگەیێنێت، دەیانەوێت ساڵانە تەمەنی یاسایی بۆ جگەرەکێشان ساڵێک زیادبکەن، رێکخراوە تەندروستییەکانی وڵاتەکەش دەڵێن: بڕیارەکە ژمارەی جگەرەکێشانی گەنج کەمدەکاتەوە.
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە کۆنفرانسێکدا گوتی، رێژەی جگەرەکێشان لەنێو گەنجاندا دووئەوەندە زیادبووە و پێویستە بەکارهێنان و فرۆشتنی سنوورداربکرێت، هەروەها پشتڕاستی کردەوە کە بەڵین دەدات بەکارهێنانی جگەرە و نێرگەلەکێشان لەنێو گەنجاندا بەتەواوی سنوورداربکات.
ریشی سووناک دەشڵێت: بەهۆی زیادکردنی تەمەنی یاسایی جگەرەکێشان لە ساڵی 2007 کە لە 16 ساڵانەوە بووە 18 ساڵان، نزیکەی 30٪ جگەرە و نێرگەلەکێشان لەنێو گەنجاندا کەمیی کرد.
رێکخراوی کارکردن لەسەر جگەرەکێشان و تەندروستی، بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی پەسندکردووە و بە یەکێک لەو رێگە کاریگەرانەی داناوە کە گەنجانی داهاتوو دوور بخاتەوە لە جگەرە و نێرگەلەکێشان.
ئێستا لە بەریتانیا فرۆشتن و مامەڵەکردن بە جگەرە و نێرگەلە لە کەسانی خوار 14 ساڵان قەدەخەیە و بە گوێرەی کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکیی، جگەرەکێشان گەورەترین هۆکارە بۆ زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە لە وڵاتەکە، چونکە ساڵانە زیاتر لە هەزار تووشبووی نوێ لە بەریتانیا تۆماردەکرێن.