ئەنجامی توێژینەوەیەک هۆشداری دەداتە ئەوانەی شەوان کار دەکەن

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی نوێ لە چین ئاشكرای دەکات، ئەوانەی لە شیفتی شەوان کار دەکەن، ئەگەری دروستبوونی چەند کێشەیەکی تەندروستییان زۆرە و پسپۆڕان بە پێویستی دەزانن کە زیاتر ئاگایان لەخۆیان بێت.

توێژینەوەیەکی زانکۆی سون یات سێن لە چین لەسەر 220 هەزار کەس لەماوەی 14 ساڵدا کرا و دەرکەوت، ئەوانەی لە شیفتی شەوان 5 بۆ 9 کاژێر کار دەکەن، ئەگەری تووشبوونیان بە بەردی گورچیلە 15٪ زیاد دەکات و 22٪ـیش ئەگەری تووشبوونیان بە رووداوەکانی هاتووچۆ زۆرترە بەراورد بەوانەی لە شیفتی رۆژدا کار دەکەن.
 
یین یانگ، پسپۆڕی پەتازانی و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: تێکچوونی سیستمی بایۆلۆژیی جەستە وا دەکات کە زیندەچالاکیی خانەکان تێکبچن و یەکێک لەو لێکەوتەکانیش دروستبوونی بەردی گورچیلەیە.
 
پسپۆڕان بۆ رێگری لەو کێشەیە ئەمانەی خوارەوە بۆ کارمەندەکانی شیفتی شەوان پێشنیاز دەکەن؛
 
- بایەخدانی زیاتر بە ئاوخواردنەوە و شێدارکردنەوەی جەستە.
- کەمکردنەوەی خوێ و دوورکەوتنەوە لە شەکر.
- رۆژانە ئەنجامدانی وەرزش بۆماوەی 30 بۆ 60 خولەک.
- باشترکردنی خەو و دابینکردنی ژوورێکی خەوی گونجاو و هێمن.
- بایەخدان بە پشکنینی پێشوەختە (6 مانگ جارێک).