جووتیارێکی ئەمریکی کولەکەیەکی نزیک یەک تۆنی بەرهەم دەهێنێت؛ تەندروستە بخورێت؟

رووداو - تەندروستی

لەنێو کێڵگەیەکی کولەکە لە ئەمریکا کولەکەیەک لەنێو هەموو کولەکەکانی دیکە تایبەت ترە، داپۆشراوە و خزمەتی زۆر دەکرێت. تۆنی سکۆت جووتیارە و کولەکەیەکی تایبەتی بەرهەمهێناوە، کە شەوانە دایدەپۆشێت و پێوانەی دەکات.
 
تۆنی سکۆت، جووتیار و بەرهەمهێنەری کولەکەکە دەڵێت: ''خەڵکی زۆر پرسیارم لێدەکەن، ئایا ئەوە راستەقینەیە؟ منیش وەڵام دەدەمەوە و دەڵێم، باشە لەکوێ کولەکەیەکی ساختە دەکڕیت بەم گەورەییە؟ بەڵێ ئەوە راستە و راستەقینەیە''.
 
تۆنی هەشت ساڵە خەریکی کولەکە چاندنە، ئەم کولەکەیەش 876 کیلۆگرامە. ئەندازیارێک نهێنیی دروستبوونی کولەکە گەورەکە ئاشکرا دەکات.
 
ئەلیسا بۆرسوک، ئەندازیاری رووەک لە ئەمریکا دەڵێت: ''یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە، کاتێک بەرهەمهێنەران کولەکەیەکی گەورە دروستدەکەن، هەندێک شت لە رووەکەکە دەکەن کە هەموو کولەکەکانی دیکە لادەبەن و رووەکەکە تەنیا یەک کولەکە بەرهەم دەهێنێت کە ئاو و شەکری خۆی دەخاتە نێویەوە، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی گەورەتر ببێت لەوەی کە تۆ لەوانەیە لە ژینگەدا نەتبینیبێت''.
 
بەپێی وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا، کولەکەی زەبەلاح تەندروستە بۆ خواردن چونکە (ڤیتامین، مادە کانزایی، ریشاڵ و دژەئۆکسێنەر)ـی زۆری تێدایە، شەکری کەمە و پڕیشە لە ئاو.