سێ هەنگاو دەتوانن 10٪ ئەگەری تووشبوونت بە مردنی پێشوەختە کەم بکەنەوە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕانی ئوسترالی بۆیان دەرکەوتووە، سێ خووی کاریگەر دەتوانن ئەگەری مردنی پێشوەختە کەم بکەنەوە؛ یەکێکیان وەرزشی رۆژانەیە.
تیمێکی لێکۆڵینەوە لە زانکۆی سیدنی لە ئوسترالیا زانیارییەکانی 60 هەزار کەسیان بەکارهێنا و دەرکەوت، ئەوانەی رۆژانە (سەرخەوشکاندنێکی کورت، ژەمێکی زیادەی سەوزە و میوە و 30 بۆ 60 خولەک وەرزش)ـیان هەیە، جەستەیان بەجۆرێک بووە کە 10٪ ئەگەری مردنی پێشوەختەی کەم بووتەوە.
ئیمانوێل ستاماتاکیس، توێژەرێکی توێژینەوەکەیە و دەڵێت، لەماوەی 8 ساڵدا کارەکەیان کردووە و رێکخستنی خەو هاوکات لەگەڵ وەرزش و خواردنی سەوزە و میوە دەشێت موژدەیەکی دڵخۆشکەر بدات بە گەنجان لەوەی کە دووریان دەخاتەوە لە مردنی پێشوەختە.
مردنی پێشوەختە؛ ئەو جۆرە مردنەیە کە پێش تیکڕای تەمەنی گشتیی دانیشتووان کەسەکە دەمرێت، زۆرجار هۆکارەکەشی بەهۆی(نەخۆشی، ناڕێکیی شێوازی ژیان و پێکان)ـەوەیە. تێکڕای تەمەنیش لە عێراق بەپێی دواین ئاماری ساڵی 2023 نزیکەی 72 ساڵە.
بە پێی WHO ئامانەی خوارەوە شێوازی ژیانی تەندروستن؛
- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان.
- بایەخدان بە خواردنی خۆراکی دانەوێڵەی تەواو و بەرهەمە کەم چەورەکان.
- بڕی پێویست ئاو بخورێتەوە
- بایەخدان بە پڕۆتینەکان لە ماسی، گۆشتی سوور، گۆشتی مریشک، هێلکە، تۆوی کەتان و گەنمەشامی.
- بڕێکی دیاریکراو کالۆریی رۆژانە بخورێت.
- سنووردارکردنی شەکر، چەوری و خۆراکە خێراکان.
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە کحول، خواردنەوە وزەبەخشەکان و خواردنەوە گازییەکان.
- خەوی باش
- دوورکەوتنەوە لە کێشانی جگەرە و نێرگەلە
- بیرکردنەوەی ئەرێنییانە و راهێنانەکانی ئاسوودەیی دەروون