پسپۆڕێکی میزەڕۆ: پێویستە رەنگی میز زەردێکی کاڵ بێت
رووداو - تەندروستی
زۆربەمان بیستوومانە کە پێویستە رۆژانە 8 پەرداخ ئاو بخۆینەوە، بەڵام پسپۆڕێکی بواری میزەڵدان، دەڵێت؛ ئامانج تەنها خواردنەوەی ئاو نییە، بەڵکو دەرکردنی میزیشە. ئەو دەڵێت، پێویستیی لەش بە ئاو لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت و پەیوەستە بە کێشی لەش، ئاستی جووڵە، کەشوهەوا و تەنانەت ئەو دەرمانانەی کە بەکاریاندەهێنیت.
دکتۆر جامین براهامبات، پسپۆڕی نەشتەرگەریی میزەڵدان لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی سێنتڕاڵ فلۆریدا، جەخت دەکاتەوە کە لەشمان نزیکەی 60٪ی لە ئاو پێکدێت، کە رۆڵێکی سەرەکی هەیە لە پاراستنی ئەندامەکان، گواستنەوەی ماددە خۆراکییەکان، و رێکخستنی پلەی گەرمیی لەش. کەمئاوی نەک تەنها دەبێتە هۆی هەستکردن بە ماندوێتی و تێکچوونی تەرکیز، بەڵکو کاریگەری لەسەر لێدانی دڵ و پەستانی خوێنیش هەیە.
چۆن بزانین ئاوی پێویستمان خواردووەتەوە؟ دکتۆر جامین دەڵێت؛ "سەیری رەنگی میزت بکە."
ئامانج ئەوەیە رەنگی میزەکەت بە درێژایی رۆژ زەردێکی کاڵ بێت، هاوشێوەی رەنگی لیمۆ. ئەگەر رەنگەکەی زەردی تۆخ یان نزیک لە قاوەیی بوو، ئەوە نیشانەیەکی روونە کە لەشت پێویستی بە ئاوی زیاترە. بەڵام بێگومان میزی بەیانیان هەمیشە تۆخترە و ئەمەش ئاساییە.
لەبری ژماردنی پەرداخەکان، سادەترین رێگە بۆ پاراستنی تەندروستیت لەبەردەستتدایە، ئەویش چاودێریکردنی رەنگی میزەکەتە.