کلینیکاست؛ بەهۆی هەڵەیەکەوە 25 نەشتەرگەری بۆ منداڵێكی 5 ساڵان کراوە

رووداو - تەندروستی

پۆدکاستی کلینیکاستی ئەمجارە باسی ئەو هەڵانەی دایک و باوک دەکات کە ژیانی منداڵەکانیان دەخەنە مەترسییەوە، بەتایبەت ئاگالێنەبوون و کەمیی چاودێرییکردنیان لە تەمەنی خوار 5 ساڵییەوە. دوو پسپۆڕ میوانن و یەکێکیان باسی ئەو منداڵە دەکات کە لە سێ کاتی جیاوازدا (دەرزی، بوڕغی و موگناتیس) قوتدەدات و دەڵێت: لە دایکەکە تووڕەبووم. 
 
د. سارا ئەنمار، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی منداڵان ئەو حاڵەتی قوتدانە روون دەکاتەوە، منداڵەکە سێ ساڵان بووە و دایکی ئەو منداڵە گوتویەتی کە زۆر جووڵە دەکات و 'عەجوولە' و کەسیش هاوکاریی ناکات لە بەخێوکردن و چاودێریکردنی منداڵەکەی، بۆیە لە سێ ماوەی جیاوازی نزیک یەکدا (دەرزی، بوڕغی و موگناتیس)ـی قوتداوە و لە نەخۆشخانە بۆی دەرهێنراوە.
 
د. سارا ئەنمار دەڵێت: ناکرێت تەنیا خەتا لە دایکەکە بێت و هەندێک منداڵ فرەجووڵەن یاخود ئۆتیزمن بۆیە باشترە هاوکاریی دایکەکە بکرێت لە ئاگالێبوونی زیاتری منداڵەکەی.
 
د. زینە موئەیەد، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی منداڵان میوانێکی دیکەی پۆدکاستەکەیە و چیرۆکی منداڵێکی پێنج ساڵان دەگێڕێتەوە و دەڵێت: ''لەکاتی سەیراندا فاسی خواردووەتەوە و سێ هەفتە لە نەخۆشخانە خەوێندرا، 80٪ـی سوورێنچکی سووتابوو و مانگانە هەناوبینی بۆ دەکرا و کۆی گشتی گەیشتە 25 جار هەناوبین''.
 
د. زینە موئەیەد زیاتر باسی ئەو حاڵەتەی کرد و گوتی، منداڵە پێنج ساڵانەکە زۆر لاواز بووبوو، چونکە هیچی پێنەدەخورا، تا وایلێهات گەدەی کون بکەین و لەڕێگەی سۆندەوە خۆراکی پێبدرێت بۆ ئەوەی کێشی گونجاو بێت بۆ نەشتەرگەریی گەورە. (ئیدی لە تەمەنی نۆ ساڵیدا نەشتەرگەریی سەروو گەورەی بۆ کرا).
 
''بەهۆی موورووێکەوە منداڵێک گیانی لەدەستدا''
 
د. زینە موئەیەد دەگێڕێتەوە و دەڵێت: حاڵەتێکمان بۆهات تەمەنی منداڵەکە 2 ساڵان بوو، تەندروست بوو، بەڵام دایکەکە شتی هەبوو کە شتێک قوتداوە، بەڵام دوای ماوەیەکە زیندەچالاکییەکانی منداڵەکە کەم بوونەوە و هەموو کردەیەکی فرەیاگوزاریی خنکان و قوتدانمان بۆی کرد، دوای هەوڵدانێکی زۆر... منداڵەکە هەناسەدانی وەستا و گیانی لەدەستدا. بەڵام دواتر بۆمان دەرکەوت کە دایکەکە بەرگدرووە و منداڵەکەی موورووێکی قوتدابوو کە بە تیشکیش دەرنەکەوت.