تەندروستیی گشتیی لوبنان: ئەم جەنگەی ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 54 کارمەندی تەندروستی

رووداو - تەندروستی

وەزارەتی تەندروستیی گشتیی لوبنان رایدەگەیێنێت، لە سەرەتای دەستپێکردنەوەی ئەم جەنگەی ئێستا لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، لانیکەم 54 کارمەندی تەندروستی کوژراون.
 
د. محەممەد زیارە، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی سووتاوییە و خەڵکی غەززەیە، بەڵام لەگەڵ رێکخراوێکی بەریتانی چووەتە لوبنان بۆ ئەوەی چارەسەری بریندارانی لوبنان بکات و دەڵێ، ئیسرائیل کەرتی تەندروستیی غەززەی وێران دەکرد، نەخۆشخانەکانی بۆردوومان دەکرد، هێرشی دەکردە سەر ئەمبوڵانسەکان و نەخۆشەکانی ناچار بە چۆڵکردن دەکرد.
 
ئێستا ئەوان دەبینن کە هەمان سیناریۆی غەززە لە باشووری لوبنانیش دووبارە دەبێتەوە. رێکخراوێکی بەریتانی لە ناوچەی سیدا لە نەخۆشخانەی گشتیدا یەکەیەکی چارەسەری سووتاوییان دامەزراندووە.
 
ئیسرائیل حیزبوڵڵا تۆمەتبار دەکات بە خۆشاردنەوە و کارکردن لەنێو ناوچە سڤیلنشینەکاندا، هەروەها بەکارهێنانی نەخۆشخانە و ئەمبوڵانسەکان بۆ مەبەستی سەربازی. هەر بۆیە رایگەیاندووە، بەکارهێنانی دامەزراوە پزیشکییەکان لەلایەن حیزبوڵڵاوە، وایان لێدەکات ببنە ئامانجی سەربازیی رەوا بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
 
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی گشتیی لوبنان، لەوەتەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە 2ی ئادارەوە دەستیپێکردووەتەوە، تاوەکو رۆژی یەکشەممە 5-4-2026 هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 54 کارمەندی تەندروستی.
 
وەزارەتەکە دەڵێت، ئیسرائیل 152 هێرشی کردووەتە سەر کارمەندانی فریاگوزاریی پزیشکی و ئەمبوڵانسەکان، هەروەها لەڕێگەی هێرش یان هەڕەشەوە بووەتە هۆی داخستنی شەش نەخۆشخانە و 49 کلینیکی تەندروستی.