WHO: زیاتر لە 20 هێرش کراونەتە سەر کەرتی تەندروستیی ئێران

رووداو - تەندروستی

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، لە 1ـی مانگی 3 رابردوو تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 هێرش بۆ سەر دامەزراوە تەندروستییەکانی ئێران تۆمارکراون، کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 9 کەس.
 
تیدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، پەیمانگەی پاستۆر لە تاران کە یەکێکە لە کۆنترین دامەزراوەکانی توێژینەوە و تەندروستی زیانێکی بەرچاوی بەرکەوتووە، هەروەها هێرشەکان زیانیان بە نەخۆشخانەی دەروونیی دلاڕام سینا و کارگەی دەرمانی تۆفیق داروو گەیاندووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە.
 
تیدرۆس ئەدهانۆم ئاماژە بەوەدەکات، تەقینەوەیەک لە نزیک نەخۆشخانەی ئیمام عەلی لە پارێزگای خوزستان بووەتە هۆی چۆڵکردنی نەخۆشخانەکە و راگرتنی خزمەتگوزارییەکان، لە ئەنجامی هێرشەکاندا کارمەندێکی تەندروستیی نەخۆشییە گوازراوەکان و ئەندامێکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران گیانیان لەدەستداوە.
 
ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێرانی بڵاویکردووەتەوە، خزمەتگوزارییەکانی پەیمانگەی پاستۆر بەهۆی هێرشەکانەوە نەوەستاون و بەرهەمهێنانی ڤاکسین و سیرەم بەردەوام دەبێت.
 
کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران، رایگەیاندووە، هێرش کراوەتە سەر کۆگەیەکی سەر بە رێکخراوەکە و بەهۆیەوە "دوو ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری و دوو پاس و ئۆتۆمبێلی دیکەی فریاکەوتن" تێکشکاون. بەگوێرەی کۆمەڵەکە، تاوەکو ئێستا 307 دامەزراوەی تەندروستی، پزیشکی و فریاگوزاری لە ئێران زیانیان بەرکەوتووە.
 
بەپێی رێککەوتننامەکانی جنێڤ، دامەزراوە تەندروستییەکان وەک شوێنی پارێزراو پۆلێنکراون و نابێت بکرێنە ئامانج.