ئێران؛ ئۆتۆمبێلێکی فریاگوزاری لە هێرشێکدا تێکشکێندرا

رووداو - تەندروستی

کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران رایدەگەیێنێت، یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی فریاگوزاریی سەر بە کۆمەڵەکەیان لە پارێزگای فارس کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە ئۆتۆمبێلەکە بەتەواوی تێکشکاوە، بەڵام تیمی تەندروستیی سەلامەتن.
 
کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران ئاماژە بەوەدەکات رووداوەکە کاژێر 5:00ـی بەرەبەیانی روویداوە، کاتێک تیمێکی فریاگوزاریی مانگی سوور لە شارۆچکەی سپیدان بۆ ئەرکێکی بەهاناوەچوون رەوانەی ناوچەی کمهر کرابوون، تیمە تەندروستییەکە دوای بینینی فڕۆکە جەنگییەکە، ئۆتۆمبێلەکەیان بەجێهێشتووە و زیانیان پێنەگەیشتووە.
 
کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران، رووداوەکە بە تاوانێکی جەنگی ناودەبات و دەڵێت، بەپێی رێککەوتننامەکانی جنێڤ نابێت هێرش بکرێتە سەر ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و تیمە تەندروستییەکان، تەنانەت ئەگەر نەخۆش یان برینداریشیان تێدا نەبێت.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەکە، تاوەکو ئێستا 47 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی مانگی سوور و فریاگوزاریی خێرا زیانیان بەرکەوتووە و چوار کارمەندی تەندروستیش گیانیان لەدەستداوە.