چارەسەری ئەڵزهایمەر لەڕێگەی رۆبۆتی بچووکەوە؛ تاقیکردنەوەی لەسەر مرۆڤ دەستپێدەکات
رووداو - تەندروستی
کۆمپانیایەکی پزیشکیی ئەمریکی رەزامەندیی دەستەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) بۆ دەستپێکردنی تاقیکردنەوەی چارەسەرێکی نوێی نەخۆشیی ئەلزهایمەر لەسەر مرۆڤ وەرگرتووە، چارەسەرەکە لەبری دەرمان، لە رێگەی نەشتەرگەرییەکی وردی رۆبۆتییەوە دەبێت.
کۆمپانیای (Medical Microinstruments ,Inc- MMI)،رایگەیاند، لە رێگەی سیستمی نەشتەرگەریی سیمانی (Symani Surgical System) کە تەکنەلۆژیایەکی رۆبۆتییە بۆ نەشتەرگەریی زۆر ورد بەکاردێت، هەوڵی چارەسەرکردنی نەخۆشیی ئەلزهایمەر دەدات.
تاقیکردنەوەکە بەناوی "REMIND" بەڕێوەدەچێت و تێیدا پزیشکان هەوڵدەدەن ئەو رێڕەوە لیمفاوییانە چاکبکەنەوە کە لە ملی نەخۆشەکەدا تێکچوون، بەگوێرەی توێژینەوەکان ئەم رێڕەوانە رۆڵیان لە پاککردنەوەی مێشک لەو پاشماوە پرۆتینیانە (وەک بێتا ئەمیلۆید و تاو) هەیە کە لە نەخۆشانی ئەلزهایمەردا کۆدەبنەوە.
کۆمپانیایەکە ئاماژە بەوەدەکات نەشتەرگەرییەکە گرنگی بە گرێ لیمفاوییەکانی قووڵیی مل (dCLNs) دەدات، چونکە ئەو لوولە لیمفاوییانەی دەکرێنە ئامانج، تیرەکەیان دەگاتە نزیکەی 0.2 ملیمەتر، ئەمەش وا دەکات مامەڵەکردن لەگەڵیان و دوورینەوەیان بەبێ یارمەتیی رۆبۆت زۆر ئەستەم بێت.
مارک تۆلاند بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای MMI رایگەیاند، "ئەم رەزامەندییەی FDA نیشانەی ئەوەیە کە لە زانستدا چی دەکرێت ئەگەر شارەزایانی دروست، تەکنەلۆژیا و توێژینەوە کۆبکەینەوە. ئێمە لەبەردەم سەردەمێکی نوێی نەشتەرگەریی وردداین، کە وردبینیی رۆبۆتی دەتوانێت رۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت لە کردنەوەی رێگەچارەی نوێ بۆ نەخۆشییە کوشندەکانی وەک ئەلزهایمەر."
لە تاقیکردنەوەکەدا بۆ ماوەی 30 رۆژ چاودێریی کاریگەرییە لاوەکییە مەترسیدارەکانی ئامێرەکە دەکرێت، هاوکات بۆ ماوەی شەش مانگ چاودێریی ئەنجامەکانی وێنەگرتنی پزیشکی، بایۆمارکەرەکان و هەڵسەنگاندنە زانستییەکان دەکرێت.