بەڕێوەبەری تەندروستیی گەرمیان: نەخۆشێکی زۆری خانەقین و دەوروبەر روویان لە تەندروستیی کەلار کردووە
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری تەندروستیی گەرمیان ئاشکرای دەکات، زۆرێک لە نەخۆشانی شووشتنی گورچیلە لە خانەقین و دەوروبەری کەلارەوە دێنە سەنتەری شووشتنی گورچیلە لە کەلار و هاوکارییەکی زۆر دەکرێن. کارمەندێکیش دەڵێت، کۆمپانیای دابینکاری پێداویستییەکانی شووشتنی گورچیلە کەموکورتی هەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە 6-4-2026 دکتۆر محەممەد ئازاد، بەڕێوەبەری تەندروستیی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند، دابینکردنی پێداویستییەکانی سەنتەرەکانی شووشتنی گورچیلە لە دەستی حکومەتی عێراقە و ئەوان گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیای تایبەتمەند کردووە.
بەڕێوەبەری تەندروستیی گەرمیان دەڵێت: هەرچەندە دانیشتووانی کەلار 400 بۆ 450 هەزار کەسە، بەڵام تەندروستیی کەلار خزمەتی نزیکەی 800 هەزار کەس دەکات، ئەمەش بەهۆی باشی و کواڵیتیی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی سنوورەکەیە.
بنکۆڵکاریی کێشەیەک
بەپێی سەنتەری شووشتنی گورچیلە لە کەلار رۆژانە 20 بۆ 22 نەخۆش شووشتنی گورچیلەیان بۆ دەکرێت.
هەرچەندە کارمەندێکی سەنتەرەکە ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، لە خانەقینەوە فیلتەری شووشتنی گورچیلەیان وەرگرتووە و زۆرجار کەموکورتی لە دابینکردنی پێداویستییەکاندا هەیە، بەڵام دڵشاد قادر، بەرپرسی یەکەی گورچیلەی دەستکرد لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی گوتی، کە هیچ نووسراوێکیان لەو بارەیەوە پێنەگەیشتووە تاوەکو بەرزی بکەنەوە بۆ حکومەتی عێراق و لەوێشەوە کۆمپانیای دابینکاری لێ ئاگادار بکەنەوە.
دڵشاد قادر داوای کرد کە هەر کەموکورتییەک هەبێت، بە نووسراو ئاگادار بکرێنەوە بۆ ئەوەی بە زووترین کات بیگەیێنن بە حکومەتی عێراق، چونکە کۆمپانیای دابینکار لەگەڵ حکومەتی عێراقدا گرێبەستی کردووە و هەموو ئەرکی دابینکردنی پێداویستییەکانی سەنتەرەکانی شووشتنی گورچیلەی پێسپێردراوە.