دایک و باوک چی بکەن بۆ ئەوەی جەنگ و لێکەوتەکانی نەبنە مۆتەکەی ژیانی منداڵەکانیان؟

رووداو - تەندروستی

جەنگی ئێران- ئیسرائیل و ئەمریکا بەردەوامە و چەندین لێکەوتەی جیاوازی لێکەوتووەتەوە، پسپۆڕان هەمیشە گوتویانە ''جەنگ هیچ شتێک بەدوای خۆیدا ناهێنێت، بەتایبەت لەڕووی تەندروستی و دەروونییەوە''.
 
دلیڤان محەممەد، چارەسەرکاری دەروونی چەند رێنوێنییەک بۆ دایک و باوکان دەخاتەڕوو کە لەم کاتەی جەنگدا بۆ منداڵەکانیان جێبەجێی بکەن و دەڵێت: دایک و باوک وەکو قیبلەنمای سۆزداری وان بۆ منداڵەکانیان، چونکە لە دەرەوە هەر کێشە و پشێوییەکیان هەبێت، پێویستە ژینگەی ماڵەوە پەناگەیەکی ئارام بێت بۆیان.
 
دلیڤان محەممەد پێی وایە، لەم کاتەی جەنگدا پێویستە دایک و باوکان هەستی سۆزدارییان بۆ منداڵەکانیان بەهێزتر بێت و بە (لەئامێزگرتن، ماچکردن و دەستگرتن) دڵنیایی تەواویان پێبدەن کە پارێزراون.
 
ئەو باسی ئەوەش دەکات، لەکاتی بیستنی تەقینەوەی درۆن و مووشەک پاڵپشتیی منداڵەکە بکرێت بەوەی لەئامێز بگیرێت.
 
وەڵامەکانی دلیڤان محەممەد لەبارەی ئەرکەکانی ئێستای دایک و باوک بۆ منداڵەکانیان ئەمانەن؛
 
رووداو: سەرەکیترین رێنوێنییەکان بۆ ئەوەی دایک و باوکان بیکەن بۆ پاراستنی منداڵەکانیان چییە لەم کاتەی ئێستای جەنگدا؟
 
دلیڤان محەممەد: دایک و باوک وەکو قیبلەنمای سۆزداری وان بۆ منداڵەکانیان، چونکە لە دەرەوە هەر کێشە و پشێوییەکیان هەبێت، پێویستە ژینگەی ماڵەوە پەناگەیەکی ئارام بێت بۆیان. ئەمەش بە چەند رێنوێنییەک دەکرێت بۆ ئەوەی لەم کاتی جەنگەدا دەروونیی منداڵەکان ئارام بێت؛
 
- پێویستە کاتی ژەمەکان نەگۆڕێت.
- پێویستە کاتی خەو و هەر چالاکییەکی رۆتینی رۆژانە، وەکو خۆی بمێنێتەوە.
- دایک و باوک نەشڵەژێن و بە دەنگی نزم و رەفتاری دروستەوە مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن.
- دایک و باوک پەیوەندیی جەستەییان پتەوتر بێت لەگەڵ منداڵەکانیان وەکو (لەئامێزگرتن، ماچکردن و دەستگرتن).
 
رووداو: لەکاتی تەقینەوە یاخود بیستنی دەنگی بەرزی درۆن و مووشەک، دایک و باوکان چۆن منداڵەکانیان هێور بکەنەوە؟
 
دلیڤان محەممەد: بۆئەوەی منداڵ لەکاتی تەقینەوە یاخود دەنگی بەرزی درۆن و مووشەک هێور ببنەوە پێویستە ئەمانە بکرێن؛
 
- بەکارهێنانی گوێپۆش ئەوەی کە لەکاتی سەرمادا دەیخەنە گوێیان.
- پاڵپشتیی منداڵەکە بکرێت بەوەی لەئامێر بگیرێت و پێی بگوترێت کە ''دەزانم دەنگەکە ترسناکە، بەڵام من لێرەم''.
- ئەگەر منداڵ هەناسەی تەنگ بوو، پێویستە فێری هەناسەدانی قووڵ بکرێت (5 چرکە هەناسەهەڵمژین، 5 چرکە راگرتنی هەناسە، 5 چرکە هەناسەدانەوە).
 
رووداو: چی بکرێت بۆ ئەوەی ئەم دۆخەی جەنگی ئێران- ئیسرائیل و ئەمریکا نەبێتە مۆتەکەیەک لەسەر دەروونی منداڵ؟
 
دلیڤان محەممەد: بۆ پاراستنی منداڵ لە مۆتەکەی دەروونی (زەبری دەروونیی دوای رووداوەکان) پێویستە راستگۆبین لەگەڵیاندا و پێویست ناکات رووداوەکان بەلاڕێدا ببرێن، بەڵام نابێت بە وردی بۆی باس بکرێت، بەڵکو بەجۆرێک بێت کە پێی بڵێین ''گەورەکان خەریکی چارەسەرکردنی کێشەکەن و ئەرکی ئێمەش پارێزگاریکردنە لە یەکدی'' گرنگە کە منداڵ سەرنجی لەسەر جەنگ لاببرێت. یاخود لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا منداڵ بە هونەر و وێنەکێشانەوە خەریکبێت بۆ ئەوەی سەرنجی لەسەر جەنگ و باس و خواسی گەورەکان نەمێنێت.
 
رووداو: بە دروستی چۆن مامەڵە لەگەڵ گوێبیستی هەواڵەکان بکرێت و چۆن کۆنتڕۆڵی منداڵ بکرێت؟
 
دلیڤان محەممەد: لەم سەردەمەی ئێستا دۆخێک هەیە پێی دەگوترێت ''شۆکی دەروونی بەهۆی شاشەکان'' کە پێویستە ئەو شوێنەی خێزان لێی دادەنیشێت، منداڵی لێنەبێت یاخود بە پێچەوانەوە شوێنی مانەوەی منداڵ نابێت باسی جەنگ و کێشەکانی تێدا بکرێت، چونکە لە مێشکی منداڵدا دەمێنێتەوە.