پزیشکێک بۆ ئەوانەی رەبۆیان هەیە؛ لەکاتی خۆڵبارین، لە ماڵەوە نەیەنە دەرەوە

رووداو - تەندروستی

پزیشکێکی فریاکەوتن هۆشداری دەداتە ئەوانەی رەبۆیان هەیە و رایدەگەیێنێت، هەموو ئەوانەی بەهۆی خۆڵبارینەوە دوێنی شەو هاتوونەتە فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر، رەبۆیان هەبووە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 6-5-2025 د. محەممەد شێخ جەمیل، پسپۆڕی پزیشکیی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر لە رووداوەوە هۆشداری دایە ئەوانەی رەبۆیان هەیە و گوتی، لە ماڵەوە بمێننەوە یاخود لەکاتی زۆر پێویستدا ئەگەریش چوونە دەرەوە، دەمامک ببەستن.
 
د. محەممەد شێخ جەمیل دەڵێت: تاوەکو درەنگانی دوێنێ شەو 15 کەس بەهۆی خۆڵبارینەوە هاتبوونە نەخۆشخانەکە، یەکێکیان بەهۆیەوە دڵی لە لێدان وەستابوو و چارەسەرییان بۆ کردووە و ئێستا لە چاودێریی چڕە.
 
ئەوانەی رەبۆیان هەیە لەکاتی خۆڵبارین ئەمانە جێبەجێ بکەن؛
 
- مانەوە لە ماڵەوە
- بەستنی دەمامک
- شووشتنی دەست و دەموچاو
- بەکارهێنانی دەرمانەکان لەکاتی خۆیاندا
- لەکاتی چوونە دەرەوە، بەخاخیان پێبێت