بۆ جاری دووەم پزیشکانی گشتیی دانەمەزراو لە هەولێر و سلێمانی گردبوونەوە
رووداو - تەندروستی
ئەمڕۆ پزیشکان گشتیی دانەمەزراو لە هەریەک لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی گردبوونەوە و پەیامیان ئەوەیە، بە زووترین کات دابمەزرێن، چونکە ''پلەبەندیی هەموویان و ئەوانەی پێش خۆشیان تێکچووە و نائومێدن لە داهاتوویان''.
ئەمڕۆ سێشەممە 6-5-2025 لە هەولێر لەبەردەم وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و لە سلێمانی لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی پزیشکانی گشتیی دانەمەزراو گردبوونەوە و داوای دامەزراندن دەکەن. ئەوەش باس دەکەن کە لە مانگی 6ـی رابردووەوە چارەنووسی دامەزراندنیان دیار نییە.
دکتۆر شکۆ شێرکۆ، نوێنەرێکی پزیشکانی گشتیی دەرچووی ساڵی 2024ـە و ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، ''گەورەترین کێشە کە هەمانە دانەمەزراندنە، ئەو کێشەیەش رووبەڕووی ئەوانەش بووەتەوە کە دامەزراون، چونکە پلەبەندییان تێکچووە''.
دکتۆر شکۆ شێرکۆ گوتی، بەشێکی پزیشکانی تازەدەرچوو دەچنە دەرەوەی وڵات بەهۆی ئەو بارودۆخەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر کەرتی تەندروستی دروست دەکات.
یەکێکی دیکە لە خانمە پزیشکە ناڕازییەکان دەڵێت: ''نازانین تاوەکو کەی چاوەڕێ بکەین و هەر پێمان دەڵێن، دادەمەزرێن، بەڵام هیچ دەنگێک نییە بۆ دامەزراندنمان و لە ماڵەوەین''.