لە کۆسۆڤۆ هۆشداری لە خراپ بەکارهێنانی دەرمانەکانی دژەقەڵەوی دەدرێت

رووداو - تەندروستی

پریستینای پایتەختی کۆسۆڤۆیە و بەکارهێنەرانی دەرمانەکانی دژەقەڵەوی زیادبووە. بەڵام هۆشداری دەدرێت لە خراپ بەکارهێنانی.
 
لەو وڵاتە نزیکەی هەزار و 500 دەرمانخانەی تایبەت هەن، بەڵام تەنیا 20 چاودێریان هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەرمانە ساختە و بێکواڵیتییەکان.
 
د. مێریتا ئیمینی، سەرۆکی کلینیکی کوێرەڕژێنەکان لە پریستینا دەڵێت: ''ئێمە زانیاریمان لەسەر خراپ بەکارهێنانی ئەم دەرمانە لەلایەن دانیشتووانەوە هەبووە لەو کاتەوەی کە لە لیستی دەرمانە رێگەپێدراوەکاندا پشتڕاستکرایەوە و خرایە بازاڕەوە. لەم ماوەیەدا هەوڵمان داوە خەڵک ئاگادار بکەینەوە کە ئەم دەرمانە تەنیا مەبەست لێی بەرەنگاربوونەوەی قەڵەوی نییە".
 
بەپێی دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا، دەرمانەکانی دژەقەڵەوی سەرەتا بۆ نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو بەکاردەهاتن و ئێستاش بەو کەسانە دەدرێت کە نەخۆشیی شەکرە و دڵیان هەیە و قەڵەون، بەڵام نەزانین لە بەکارهێنانی، کێشە و نائومێدی دروست دەکات.
 
لولزیم رەحمانی، هاووڵاتییەکە کە پێشووتر دەرمانی دژەقەڵەوی بەکارهێناوە و ئێستا پەشیمانە ئەو دەڵێت: ''کێشەکە نائومێدییە، کاتێک شتێک بەکاردەهێنیت بە هیوایەکی زۆرەوە و کار ناکار، بێگومان پەشیمان دەبیتەوە؛ ئەو کاتیش کات و پارەت بەفیڕۆ داوە''.
 
بەپێی پەیمانگەی تەندروستیی نیشتمانی، 55٪ـی خەڵکی کۆسۆڤۆ قەڵەو و کێشزۆرن، بەشێکی زۆری ئەوانەش دەیانەوێت بەبێ هیچ ماندووبوونێک کێشیان ئاسایی بکەنەوە.
 
بەڵام پسپۆڕان دەڵێن، ئەو دەرمانانە چارەسەرێکی خێرا و جێگرەوە نین بۆ خۆراکی باش و وەرزشکردن، بۆیە پێویستە تەنیا لەژێر چاودێریی پزیشکدا بەکاربێن.