وەزارەتی تەندروستی: دەبێت دەرمانساز لەدەرمانخانە ئامادەبێت

رووداو - تەندروستی

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە گشتاندنێکدا کە ئاراستەی سەندیکای دەرمانسازانی کوردستانی کردووە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە دەرمانساز لەکاتی دەوامدا لە دەرمانخانەکەی ئامادەبێت. 
 
وەزارەتی تەندروستی لە گشتاندنێکدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە دەرمانساز لەکاتی دەوامدا لە دەرمانخانەکەی ئامادەبێت و رێگری بکرێت لە دانانی دەرزی، کانێلا و پێدانی دەرمان بەبێ رەچێتەی پزیشکی، بەگوێرەی گشتاندنەکە، بڕیارەکە دوای چەند رووداوێکی یەک لەدوای یەک دێت کە بوونەتە هۆی مردن و نەخۆشکەوتنی چەند هاونیشتمانییەک.
 
لەلایەن خۆیەوە، سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان و لقەکانی لە شارەکان، گشتاندنەکەیان بەسەر سەرجەم دەرمانخانەکاندا بڵاوکردووەتەوە و داوایان کردووە پابەندی ناوەڕۆکەکەی بن.
 
د. رەنج محەممەد سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "هەر دەرمانسازێک سەرپێچی بکات، رووبەڕووی لیژنەی سزادان دەبێتەوە کە سزاکانی لەوانەیە بریتی بن لە داخستنی دەرمانخانە، وەرگرتنەوەی بڕوانامە و راگرتنی بۆ ماوەی چەند ساڵێک."
 
سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای دەرمانسازان داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، "لەکاتی چوونە دەرمانخانە، پرسیاری دەرمانساز بکەن ئەگەر دەرمانسازی لێنەبوو، دەتوانن ئێمە ئاگادار بکەنەوە و ئەو دەرمانخانەیەش بایکۆت بکەن."
 
د. رەنج محەممەد جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە هاونیشتمانییان وشیاریی تەندروستیی زیاتریان هەبێت و گوتی، "بەبێ رەچێتەی پزیشک دەرمان وەرنەگرن، وەرگرتنی دەرمانی زیاتر مانای ئەوە نییە کە زووتر چارەسەر دەبن."