پزیشکێکی دەم و ددان: تەندروستیی ددان لەپێش جوانییەوەیە

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی ددان رایدەگەیێنێت، نابێت لەژێر کاریگەریی سۆشیاڵ میدیا جوانکاری بۆ ددانەکان ئەنجامبدرێت، تەندروستیی ددان لەپێش جوانییەوەیە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 6-5-2026 دکتۆر ئیسماعیل خاڵس لە بوڵتەنی تەندروستی گوتی، باشتروایە بنەما زانستییەکانی ئەنجامدانی هۆلیوود سمایڵ بە باشی هەڵبسەنگێندرێن دواتر بڕیاری ئەنجامدانی هۆلیوود سمایڵ بدرێت و نابێت نەخۆش پەلە بکات، چونکە ئەگەری هەیە تووشی چەندین زیانی جیدی ببێت.
 
دکتۆر ئیسماعیل خاڵس، ئاماژە بەوە دەکات کە سپیکردنەوەی ددان ئەگەر بەشێوەیەکی زانستی ئەنجامبدرێت، هیچ کاریگەرییەکی لاوەکی نییە، تەنیا دوو کاریگەریی کاتی هەیە کە بریتین لە هەستەوەری بۆ ساردی و گەرمی بۆ ماوەی 48 کاژێر و سووتانەوەیەکی کاتیی پووک.
 
لەبارەی ڤینیر و لومینیرەوە، دکتۆر ئیسماعیل خاڵس دەڵێت، "ڤینیر بۆ شاردنەوەی شکان و شێواویی گەورەتر بەکاردێت، بەڵام لومینیر بۆ شێواوی و شکانی بچووکتر بەکاردێت و پزیشک بڕیاردەدات کامیان بەکاربهێنرێت."