کۆلێژی کینگ: مەعجوونێکی ددان کە لە قژ دروستکراوە، مینای ددان چاک دەکاتەوە

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەک لە بەریتانیا دەریدەخات کیراتین ئەو پرۆتینەی لە قژ و پێستدا هەیە، دەتوانێت مینای ددان چاکبکاتەوە و بیپارێزێت.
 
توێژینەوەکە لە کۆلێژی کینگ لە لەندەن کراوە و دەرکەوتووە کیراتین دەتوانێت مینای ددان دروستبکاتەوە و قۆناخە سەرەتاییەکانی کلۆربوون رابگرێت، کاتێک کیراتین لەگەڵ کانزاکانی ناو لیک کارلێک دەکات، بەرگێک دروست دەکات کە لە پێکهاتە و کاری پارێزەریی مینای سرووشتیی ددان دەچێت.
 
د. شێریف ئەل شەرقاوی سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە و پسپۆڕی ددان لە کۆلێژی کینگ لە لەندەن دەڵێت: "بەپێچەوانەی ئێسک و قژ، مینای ددان خۆی نوێ ناکاتەوە کاتێک لەدەستچوو، بۆ هەمیشە لەدەستچووە".
 
د. شێریف ئاماژە بەوەدەکات  " لە توێژینەوەکەمان بۆمان دەرکەوت کیراتین جێگرەوەیەکی باشترە لە چارەسەرەکانی ئێستای ددان و پڕکردنەوە نەریتییەکانیش ناهێڵێت کە کەمتر بەرگە دەگرن".
 
بە خواردنەوە ترشەکان و شۆردنی هەڵەی ددان، بە تێپەڕبوونی کات مینای ددان دادەخورێنن، ئەم داخورانە دەبێتە هۆی هەستیاری، ناڕەحەتی و لە کۆتاییدا لەدەستدانی ددان. لە کاتێکدا مەعجوونی فلۆراید یارمەتیی هێواشکردنەوەی ئەم پرۆسەیە دەدات، بەڵام پێکهاتەی کیراتین لە توێژینەوە نوێیەکەدا هەنگاوێکی زیاتری ناوە و لە تاقیکردنەوەکانی تاقیگەدا بەتەواوی رێگریی لێکردووە.