یەکەم تووشبووی ئەنفلەوەنزای باڵندە لە مەکسیک گیانی لەدەستدا

رووداو - تەندروستی 

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی گیانلەدەستدانی یەکەم تووشبووی ئەنفلەوەنزای باڵندە لە مەکسیک رادەگەیێنێت و دەڵێت، بەهۆی جۆرێکی نوێی ئەنفلەوەنزاکەوە بووە.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO گیانلەدەستدانی پیاوێکی مەکسیکی بەهۆی ئەنفلەوەنزای باڵندەوە راگەیاند و دەڵێت: پیاوەکە بەهۆی جۆرێکی نوێی گۆڕاوی ئەنفلەوەنزاکەوە گیانی لەدەستداوە.
 
تەندروستیی مەکسیک ئاماژە بەوەدەکات، قوربانییەکە 59 ساڵانە و هیچ بەرکەوتنێکی لەگەڵ پەلەوەر و ئاژەڵدا نەبووە، بەڵام لەمساڵدا سێ تووشبووی جۆری نوێی ئەنفلەوەنزای باڵندە بە ناوی H5N2 تۆمارکراون لەو وڵاتە.
 
بەپێی رێکخراوەکە، پیاوەکە بەهۆی 'تا، هەناسەتەنگی و سکچوون' لە نەخۆشخانەی مەکسیکۆ سیتی خەوێندراوە.
 
هەفتەی رابردوو کۆمپانیای CSL Seqirus رایگەیاند، نزیکەی پێنج ملیۆن ژەمی ڤاکسین دژی ئەنفلەوەنزای باڵندەی جۆری H5N1 ئامادە دەکات.
 
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، ئەگەری گواستنەوەی ئەنفلەوەنزای باڵندە بۆ مرۆڤ کەمە، بەڵام دەشێت رووبدات و مرۆڤ بۆ مرۆڤ یاخود ئاژەڵ بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە.
 
ناوەندەکە رایدەگەیێنێت، دوورکەوتنەوە لە ئاژەڵ و پەلەوەری تووشبوو، دوورکەوتنەوە لە باڵندەی کێوی و دەستنەدان لە باڵندەی تووشبوو بە نەخۆشی، هەروەها دەستشۆردنی بەردەوام رێگەی کاریگەرن بۆ پێشگیری لە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە.