پسپۆڕێک: پێویستە لە تەمەنی شەش مانگییەوە دژەخۆر بەکاربێت
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست رایدەگەیێنێت، ئەوانەی پێستیان چەورە لە هاویندا شێدارکەرەوە و خاوێنکەرەوەی پێستی تایبەت بەکاربهێنن و هۆشداریش دەدات، ''بەبێ راوێژی پزیشک یاخود کەسانی شارەزا هیچ دەرمانێک بۆ پێست بەکارنەیەت''.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ـی حوزەیرانی 2024 د. گەشاو عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری لە بوولتەنی تەندروستیدا دەڵێت: لە تەمەنی شەش مانگییەوە ئاساییە دژەخۆر بەکاربێت و پێویستە رۆژانە لە پێست بدرێت.
د. گەشاو عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری گوتی، بەهۆی ئەوەی لە وەرزی هاویندا پلەی گەرما و رێژەی شێ بەرزدەبنەوە بۆیە رژێنە چەورییەکان زیاتر چالاکدەبن و پێست ئارەقی زیاتر دەکاتەوە.
لە بەشێکی قسەکانیدا دەڵێت: ''دژەخۆر تەنیا بۆ کاتی خۆرەتاو یاخود بۆ کاتی نیوەڕۆ نییە، بەڵکو دەشێت کەشوهەوا باراناویش بێت و دژەخۆریش بەکاربهێنیت، تاوەکو ئەو تیشکە زیانبەخشانەی لەخۆرەوە دەردەدرێن، بەر پێست نەکەون و نەبنەهۆی کێشەکانی پێست بەتایبەت شێرپەنجە''.
پسپۆڕەکە روونی دەکاتەوە، ''لە هاویندا پێست زیاتر دووچاری ماندوویێتی و وشکبوونەوە دەبێت، ئەوانەشی پێستان چەورە کێشەی زیوانیان لەو وەرزەدا بۆ دروست دەبێت''.
بۆ رێگری کردن لە وشکبوونەوەی پێست و زیپکە لە وەرزی هاویندا، د. گەشاو عەبدوڵڵا ئەم رێنوێنییانە پێشنیازدەکات؛
1- زۆرخواردنەوەی ئاو.
2- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان بەتایبەت 'خەیار و شووتی'.
3- خاوێنکردنەوە و شۆردنی پێست.
4- بەکارهێنانی خاوێنکەرەوەی پێست لە شێوەی جێل یاخود کەف.
5- بەکارهێنانی سیرەمی دەوڵەمەند بە ڤیتامین C و ڤیتامین A.
6- بەکارهێنانی دژەخۆر (بە گوێرەی جۆری پێست).
رووداو بۆچوونی هاونیشتمانییانی لەبارەی وەرزی گەرم و سارد وەرگرتووە و هەندێکیان دەڵێن، زیاتر ئارەزووی وەرزە گەرمەکان دەکەن و هەندێکیشیان وەرزە ساردەکان.
یەکێک لە هاونیشتمانییەکان دەڵێت، ''لە کەشی گەرمدا زیاتر ئاسوودەم''، بەڵام یەکێکی دیکەیان گوتی، ''بەهۆی ئەوەی کە کارەبا کەمە لە هاویندا، حەزم لە زستانە''.