لە بەرازیل بە سەما و چەپڵەلێدان جووڵەی تووشبووانی نەخۆشیی پارکینسن باشتر دەکرێت

رووداو - تەندروستی

ئێرە ریۆ دی جانیرۆی بەڕازیلە و ئەمانە کۆمەڵێک تووشبووی نەخۆشیی پارکینسنن، چەپڵە لێدەدەن و سەما دەکەن بۆ ئەوەی زاڵ بن بەسەر نەخۆشییەکەیاندا.
 
نیڵما فریتاس، تووشبووی پارکینسن دەڵێت: ''لەو کاتەوەی دەستم بە راهێنانی کاپۆیرا کردووە هەست بە جیاوازی دەکەن، هەست بە سەلامەتی دەکەم لەکاتی رۆیشتن و سەیری ئەوانی دیکەش دەکەم، ئەمە جووڵە بە جەستەم دەبەخشێت و واملێدەکات ژیانێکی شایستەم هەبێت''.
 
ئەوان دڵخۆشن بەم جۆرەی سەماکردن کە ناوی کاپۆیرایە، چونکە هەم جووڵەیان باشتر دەبێت و هەمیش بە کۆمەڵ کۆبوونەوەیان بۆ نەخۆشییەکەیان بەسوود دەبێت.
 
ئەنتۆنیۆ حازیڤێدۆ، تووشبووی پارکینسن  دەڵێت: ''دوای مانگێگ لە دەستپێکردنی کاپۆیرا توانیم رۆیشتنەکەم باشتر بکەم، ئێستا دەتوانم 7 بۆ 8 کیلۆمەتر بەپێ بڕۆم، بەبێ هیچ کێشەیەک''.
 
بەشێکی چارەسەرەکانیش بەشێوەی سرووشتین بۆ باشترکردنی جووڵەیان و پسپۆڕێکی مێشک و دەمار گوتی، ''زۆرجار ئەوە هانی باشتربوونی جووڵە دەدات لەڕیگەی ریتمی گۆرانییەکەوە، بۆ نموونە بەکارهێنانی دەهۆڵەکان، ریزبەندیی ریتمەکە وا لە کەسەکە دەکات بەپێی ئەوە جووڵە بکات و رێڕەوی جووڵەی جیاواز لە مێشکدا چالاک دەکات نەک تەنیا جووڵە مەترسیدارەکان''.
 
بەپێی ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا، پارکینسن نەخۆشییەکە کە دەمارەخانەکانی کەسی تووشبوو دەپووکێنەوە، بەهۆی ئەوەی ئاستی دۆپامین لە جەستەدا کەمدەبێتەوە یاخود نامێنێت، باوترین نیشانەشی بریتییە لە 'پووکانەوە ماسوولکەکان، لەرزین، ناڕێکیی جووڵە و بیرکردنەوە و تووشبوون بە دڵەڕاوکێ و خەمۆکی'.
 
بەگوێرەی دامەزراوەی پارکینسن، لە جیهاندا زیاتر لە 10 ملیۆن تووشبووی نەخۆشییەکە هەن، باوترین نیشانەشی پووکانەوەی ماسوولکەکان، لەرزین و ناڕێکیی جووڵە و بیرکردنەوەیە.