وەزارەتی تەندروستی بەکارهێنانی نایترۆجینی شل لە بەرهەمە خۆراکییەکان قەدەخەدەکات
رووداو - تەندروستی
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، بەکارهێنانی نایترۆجینی شلی لە خۆراکەکاندا قەدەخەکرد، بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی و سەلامەتیی خۆراک دەڵێت: نایترۆجینی شل، زیان بە پێست و نێو دەم دەگەیێنێت.
رۆژی یەکشەممە 6ـی ئابی 2023، د. ئاسۆ حەمید زەنگەنە، بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی و سەلامەتیی خۆراک لە وەزارەتی تەندروستی، بە رووداوی راگەیاند، نایترۆجینی شل بۆ نێو خۆراک زیانی تەندروستی هەیە، بەجۆرێک زیان بە ناوپۆشی دەم و پێست دەگەیێنێت.
د. ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە رووداوی گوت، هەرچەندە لە ساڵی 2020 بە بڕیاری دەستەی راوێژکاریی سەلامەتیی خۆراک لە وەزارەتی تەندروستی، لیژنەی بۆ پێکهێنراوە و دەستکراوە بە جێبەجێکردن، بەڵام دوای ئەوەی زانیومانە لە بەشێک لە ساردەمەنیی و خواردنگەکان هێشتا نایترۆجینی شل بەکاردەهێندرێت، بڕیارەکەیان دووبارە پشتڕاستکردووەتەوە و لە راگەیێندراوێکدا مەترسییەکەیان خستووەتەڕوو.
بە گوێرەی دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا، نایترۆجینی شل ئەگەر بەر پێست بکەوێت، دەبێتەهۆی برین و سووربوونەوەی شوێنەکە، هاوکات بەهۆی ساردییەکەیەوە دەکرێت زیان بە سوورێنچک و رێڕەوی هەناسە بگەیێنێت.
بەپێی کۆمەڵەی خۆراکی ئەمریکیش، نزمیی پلەی گەرمیی نایترۆجینی شل مەترسیداری پێدەبەخشێت و وادەکات لەکاتی بەرکەوتن بە پێست، شوێنەکە بسووتێت و برینداری بکات.