دەزگایەکی کەنەدی هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان کە شوکولاتەی دوبەی نەخۆن

رووداو - تەندروستی

دەزگایەکی کەنەدی لەبارەی شوکولاتەیەکی براندەوە هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی وڵاتەکە کە نەیخۆن، 'چونکە بڕێکی زۆری ژەهراویبووە'.
 
دەزگای پشکنینی خۆراک لە کەنەدا CFIA رۆژی سێشەممە 5-8-2025 رایگەیاند، لە پشکنینەکاندا بۆ شوکولاتەی دوبەی دەرکەوتووە، ژمارەیەک لە بەرهەمەکان بە کۆدی دیاریکراو بەکتریای سالمۆنێلایان تێدابووە کە دەبێتە هۆی ژەهراویبوون و گرانەتا دروست دەکات.
 
کۆمپانیای دابەشکاری شوکولاتەکەش روونکردنەوەی داوە و دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ سکاڵایەک لەبارەی نەخۆشکەوتنی بەکارهێنەرانەوە نەکراوە، ئەو دەزگایە بڕیاری کشانەوەی سەرجەم بەرهەمەکانی لە دووکانەکانی کەنەدا دا.
 
بەپێی ئەو دەزگایە، مەرج نییە هەر خۆراکێک بەو بەکتریایە ژەهراوی بووبێت، رەنگ، تام و بۆنی تێکچوو بێت، بەڵام بە خواردنی ئینجا کەسەکە نەخۆش دەکەوێت.
 
باوترین نیشانەکانی تووشبوون بە بەکتریای سالمۆنێلا؛
 
- تای تووند
- سەرئێشە
- بێهێزی
- رشانەوە
- سکچوون
- سەرسووڕان
 
کێ گرووپی مەترسیدارە و نەخۆشییەکە زیاتر کاری تێدەکات؟
 
- منداڵی خوار 5 ساڵان
- خانمانی دووگیان
- بەساڵاچووان
-  تووشبووانی شێرپەنجە
- ئەوانەی گورچیلەیان بۆ چاندراوە