دایکێک: هەرچەندە فەرمانبەرم، بەڵام شیری قوتووم بە منداڵەکانم نەداوە و مەمەی شیرم لە ماڵدا نەبووە

رووداو - تەندروستی

هەفتەی جیهانیی شیرپێدانی سرووشتییە و رووداو رووماڵی هەفتەیی بۆ هۆشیارکردنەوەی دایکان لە بایەخی شیری خۆیان بۆ کۆرپەکانیان بەردەوامە، لێدوان لە چەند دایکێک وەرگیراوە و یەکێکیان دەڵێت: ''هەموو منداڵەکانم شیری خۆمیان خواردووە، دانەیەکیان دوو ساڵ پێم دا و وریاترە لەو منداڵەی دیکەم کە ساڵێک شیری خۆمم پێی دا''.
 
فەوزیە عەزیز، کابانی ماڵە و گوتی، تا هەشت مانگ شیری خۆم بە منداڵەکانم داوە و شیری دایک زۆر باشترە لە شیری قوتوو، گەشبین بەختیار خانمێکی دیکەیە و دەڵێت: خۆم شیری دایکم خواردووە و دوو منداڵیشم هەن، شیری خۆمم پێداون.
 
گۆڤار سەڵاح کە فەرمانبەرە ئەمەی بە رووداو گوت، ''دوو کچم هەن، هەردووکیان شیری خۆمیان خواردووە و لەبەر ئەو هەموو زیانە زۆرەی هەیەتی، یەک دڵۆپ شیری وشکم نەداونەتێ''.
 
گوڵناز عوزێر، مامۆستایە و هەرچەندە فەرمانبەریش بووە بەڵام جەخت لە بەسوودیی شیری دایک دەکاتەوە و دەڵێت: خۆم تەنیا شیری دایکم خواردووە و هەرچەندە فەرمابەریش بووم، بەڵام شیری قوتووم بە منداڵەکانم نەداوە و مەمەی شیرم لە ماڵدا نەبووە.
 
خانمێکی دیکە بە ناوی نەمام خدر، مامۆستایە و گوتی، ''هەموو منداڵەکانم شیری خۆمیان خواردووە، دانەیەکیان دوو ساڵ پێم دا و زیاتر وریاترە لەو منداڵەی دیکەم کە ساڵێک شیری خۆمم پێی دا''
 
دڵسۆز مەحموود، فەرمانبەرێکی دیکەیە و بۆ رووداو قسەی کردووە و دەڵێت، خۆم سێ ساڵ شیری دایکم خواردووە، بەڵام منداڵەکەم شیری خۆمی پێنەکەوت.
 
شۆخان عەبدوڵڵا خانمێکی فەرمانبەرە و ئاشکرای دەکات، لە سێ مانگی سەرەتای تەمەنی منداڵەکەی تەنیا شیری خۆی پێداوە، بەڵام دواتر کردوویەتی بە شیری قوتوو.
 
سوودەکانی شیری دایک بە هەفتەیەک تەواو نابن، بەڵام لە دێسکی تەندروستیی رووداو هەوڵدەدەین نوێترین زانیارییەکان لەسەر شیری دایک رابگەیێنین و هەفتەیەک رووماڵمان بۆ ئەو بابەتە داناوە بە ناوی ''شیری دایک، ڤاکسینێک لە بەهەشتەوە''.