توێژینەوەیەک: زۆر بەکارهێنانی شاشە مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ و هەرس لەنێو منداڵاندا زیاد دەکات

رووداو دیجیتاڵ

توێژینەوەیەکی نوێی دانیمارکی دەریخستووە ئەو منداڵانەی کاتی زۆر لەبەردەم شاشەکاندا بەسەر دەبەن، مۆبایل بێت یان تەلەڤیزیۆن، مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و هەرس زیاترە.
 
توێژینەوەکە رۆژی چوارشەممە 6ـی ئابی 2025 لە گۆڤاری "کۆمەڵەی دڵی ئەمریکی" بڵاوکراوەتەوە. توێژەران چاودێریی بەکارهێنانی شاشە و خووی نووستنی زیاتر لە هەزار کەسی تەمەن 10 ساڵ تاوەکو 18 ساڵیان کردووە و لە پەیوەندیی نێوان کاتی بەکارهێنانی شاشە و هۆکارە مەترسیدارەکانی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانیان کۆڵیوەتەوە.
 
بەپێی توێژینەوەکە، "ئەو منداڵ و گەنجانەی کاتێکی زۆر لەبەردەم شاشە و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکاندا بەسەردەبەن، رەنگە مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان زیاتر بێت، وەک بەرزە پەستانی خوێن، بەرزیی کۆلیسترۆڵ و بەرگریی دژی ئەنسۆلین."
 
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە بەهۆی ئەمەوە، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان یان شەکرە لە داهاتوودا زیاتر دەبێت.
 
شیکارییەکان دەریانخستووە هەر کاژێرێکی زیادەی بەکارهێنانی شاشە لە رۆژێکدا، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکان زیاد دەکات.
 
دەیڤد هۆرنەر، سەرۆکی توێژەران لە زانکۆی کۆپنهاگن لە دانیمارک، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "ئەمە مانای وایە منداڵێک کە سێ کاژێری زیادە لە رۆژێکدا شاشە بەکاربهێنێت، مەترسیی تووشبوونی بە نزیکەیی چارەکێک بۆ نیو ئەوەندەی هاوتەمەنەکانی زیاتر دەبێت."
 
هۆرنەر گوتیشی، "ئەگەر ئەمە بۆ تەواوی کۆمەڵگای منداڵان بگوێزیتەوە، ئەوا تۆ سەیری گۆڕانکارییەکی بەرچاو دەکەیت لە مەترسییەکانی سەرەتایی نەخۆشییەکانی دڵ و هەرس کە دەکرێت تاوەکو تەمەنی پێگەیشتوویی بەردەوام بێت."
 
توێژەران لەسەر کاریگەرییە زیانبەخشەکانی شاشە لەسەر منداڵان و هەرزەکاران بۆچوونی جیاوازیان نییە، زۆرینەیان هاوڕان کە منداڵان و گەنجان بەراورد بە پێگەیشتووان زیاتر لە مەترسیدان.