زانکۆی کۆلێژی لەندەن: خۆراکە ئامادەکراوەکان کەمتر بخورێن، کێش رێک دەبێت
رووداو - تەندروستی
توێژەرانی زانکۆی کۆلێژی لەندەن لە بەریتانیا تاقیکردنەوە لەسەر ئەو کەسانەی دەکەن کە خۆراکە خێرا و ئامادەکراوەکانیان کەمکردووەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە، بە رێژەیەکی زۆر کێشیان رێکە و باشتریش کێشیان دابەزاندووە.
دەیڤد بۆنز، خۆبەخشێکی تاقیکردنەوەکەیە و دەڵێت، بەڕاستی هەستی بە تەندروستتر و لەشڕێکییەکی زۆرتر کردووە بەراورد بە پێش تاقیکردنەوەکە.
گرووپێکی 55 کەسی ماوەی ساڵێکە خراونەتە ژێر تاقیکردنەوەوە و رێژیمی خۆراکییان لە خۆراکە زۆر ئامادەکراوەکانەوە گۆڕیوە بۆ خۆراکە تازە {فرێش} و کەمئامادەکراوەکان وەکو پاستا، لازانیا، خۆراکە دانەوێڵەییەکان و مەعکەرۆنی.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری نەیچەر بڵاوکراوەتەوە و د. ساموێل دیکن کە سەرپەرشیارەکەیەتی دەڵێت: بەشداربووان کالۆریی کەمتریان وەردەگرت، چونکە خۆراکەکانیان کەمتر ئامادەکراو بوو. ئەمەش هاندەرێکی سەرەک بوو بۆ کێشڕێکی و دووربوون لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان.
ئەو خۆبەخشەی تاقیکردنەوەکە کە ناوی دەیڤدە گوتی، نەک لەڕووی جەستەییەوە بەڵکو دەروونیش ئاسوودەتر دەبێت بە خواردنی خۆراکی تەندروست.
ئامارێکی مەترسیدار!
بەپێی ئامارەکانی بەریتانیا، ئێستا 70٪ـی خۆراکەکانی هاووڵاتییان، خۆراکە ئامادەکراوەکانن؛ بە گوێرەی دامەزراوەی دڵ لە بەریتانیا، بەکارهێنانی خۆراکە خێراکان و خۆراکە ئامادەکراوەکان وەکو ئایس کرێم، بسکیت و خواردنەوە گازییەکان کە رێژەیەکی بەرزی چەوری تێر و خوێ و شەکریان تێدایە لە سەرانسەری جیهان لە زیادبووندایە و ئەمەش مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی مێشک، نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرەی جۆری دووەم و شێرپەنجە زیاد دەکەن.