چۆنیەتیی هەڵگرتنی شیری دایک لە پۆدکاستی نەخۆشنامە روون دەکرێتەوە

رووداو - تەندروستی

لە هەفتەی شیردانی سرووشتیداین و رووداو رووماڵی تایبەتی بۆ ئەم هەفتەیە لە 1ـی ئابەوە دەستپێکردووە، پۆدکاستی نەخۆشنامەی ئەم هەفتەیە لەبارەی شیردانی سرووشتییە و میوانەکە دەڵێت: ئەگەر رۆژی یەک عەیارە شیری قوتووش بدرێت بە منداڵ زیانی هەیە.
 
د. عەباس رەباتی، پڕۆفیسۆر و راوێژکاری نەخۆشییەکانی منداڵان رایگەیاند، ئەگەر رۆژی یەک عەیار شیری قوتووش بدرێت بە منداڵ خراپە، چونکە بەو شێوەیە هەر قوتوویەک بەشی مانگێک دەکات، بۆیە دەشێت ژەهراوی ببێت و تێکبچێت، چونکە مادەی پارێزەری نێو قوتووەکە نامێنێت و ''ئەو یەک عەیارەیە تەنیا ئازاری منداڵ دەدات''.
 
لەبارەی هەڵگرتنی شیری دایک، د. عەباس رەباتی گوتی: پێویستە لە پلەی گەرمیی 16 تاوەکو 29 پلەی سیلیزی زیاتر نەبێت و ماوەی 2 تاوەکو 3 کاژێر هەڵبگیرێت، (بەڵام ئەمە لەم وەرزەدا نییە)، هەروەها لەنێو بەفرگردا دەتواندرێت 4 تاوەکو 6 کاژێر هەڵبگیرێت.
 
لە هاویندا وشکبوونەوەی جەستە بڵاوە و ئەو پسپۆڕە نیشانەکانی باس دەکات وەکو؛
 
- کەمبوونەوەی کێش
- وشکبوونی چاو، دەم و لێو
- کەمبوونەوە و تۆخبوونی میز
- تێکچوونی هۆشی منداڵ، چاو ناکاتەوە بەباشی و قووڵ دەبن