دکتۆر ئاراس هۆکاری رەشبوونی دڵ و سیی دوو هاونیشتمانی ئاشكرا دەکات؛ شۆکهێنەرە!
رووداو - تەندروستی
بەرنامەیەکی نوێی دکتۆر ئاراسە و باس باسی هۆکارەکانی مردنی لەناکاوی گەنجانە. باڵە خۆشەکەش باس دەکرێت کە پسپۆڕان بە هۆکارێکی ئەو جۆرە مردنەی دادەنێن.
د. شوان عوسمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرە یەکێک لە میوانەکانە و دەڵێت: بەرزەپەستانی خوێن و بەرزیی چەورییەکانی خوێن هۆکاری سەرەکین بۆ تووشبوون بە جەڵتەی دڵ لەنێو گەنجاندا و ئەمەش وادەکات پێشوەختە و لەناکاو بمرن.
بەرنامەکە باسی هۆکاری زۆربوونی مردنی لەناکاو و جەڵتەی دڵ لەنێو گەنجان دەکات، د. دیلمان ئازاد، پسپۆڕی پزیشکیی دادوەری ئەنجامی توێژینەوەیەکی نێوخۆیی لەبارەی مردنی پێشوەختە لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات؛ ''44٪ـی حاڵەتەکانی مردنی پێشوەختە کە گەنجان لەناکاو مردوون، بەهۆی جگەرە، ڤەیپ و نێرگەلەکێشانەوە بووە''.
بەگوتەی ئەو پسپۆڕە، 24٪ـی مردنە لەناکاوەکان بەهۆی خواردنەوە کحولییەکانەوە بووە، 14٪ـیش قەڵەوی و هۆکارەکانی دیکەش 18٪ـیان پێکهێناوە.
مردنی لەناکاو ئەوەیە کە کەسێک کەسێک دوای دەرکەوتنی چەند نیشانەیەکی نەخۆشییەک لەناکاو بمرێت کە لە جیهاندا لەنێو گەنجان جەڵتە هۆکاری سەرەکییە بۆی.
لەنێو بەرنامەکەدا دکتۆر ئاراس برادۆستی، پزیشک و پێشکێشکاری بەنێوبانگی کوردستان پشکنینی چەورییەکانی ئاشکرا دەکات، ''بەهۆکاری بۆماوەیی مەترسیی تووشبوونی بە جەڵتەی دڵ بەرزە''.
د. شوان عوسمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ بە دکتۆر ئاراسی گوت، 40٪ ئەگەری تووشبوونت بە جەڵتەی دڵ هەیە.
چیرۆکی دکتۆر ئاراس و چەوریی زیانبەخشی خوێنی
دکتۆر ئاراس برادۆستی دەڵێت، ''ئێمە بە بۆماوەیی بەرزەچەوریی خوێنمان هەیە و باوکم تووشی بووە، من ئێستا تەمەنم 38 ساڵە و مانگی 12ـی ساڵی رابردوو پشکنینی چەوریی LDLـم کە چەورییە خراپەکەیە mg/dl 181 بووە. [کە رێژەی ئاسایی نابێت لە 120 تێپەڕ بکات]، بەڵام دوای 45 رۆژ لە رێژیمێکی بەردەوام، رێژەی چەورییەکە بوو بە mg/dl 127''.
دکتۆر شوان ئەمەی بۆ روون دەکاتەوە و دەڵێت: لە پشکنینی یەکەمی چەورییە زیانبەخشەکە 40٪ ئەگەری تووشبوونت بە جەڵتەی دڵ زۆرە، بەڵام دوای 45 رۆژەکە کە شێوازی ژیانی تەندروستت پەیڕەو کردووە و رێژەکەی تا رادەیەک کەم بووەتەوە و ئەگەریش زیاتر بگاتە ئاستی ئاسایی، ئەوا ئەگەری تووشبوونت بە جەڵتەی دڵ بۆ 8٪ دادەبەزێت.
بەرنامەی دکتۆر ئاراس ترێندی کوردستانە و هەفتانە ملیۆنان کەس لە سەرتاسەری جیهاندا سەیری دەکەن، بۆ نموونە؛ بەرنامەی هەفتەی رابردوو زیاتر لە 40 ملیۆن بینەری لە پلاتۆفۆرمە جیاوازەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان هەبوو.