پسپۆڕێکی نەخۆشخانەی گوڵان لە ئاکرێ: خانمانی دەڤەرەکە لە قۆناخە مەترسیدارەکانی شێرپەنجە دەستنیشاندەکرێن
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشخانەی گشتیی ئاکرێ (گوڵان) ئاشكرای دەکات، هەموو ئەو خانمانەی لەو سنوورە شێرپەنجەی مەمکیان هەبووە، لە قۆناخی سێ و چواردا بوون کە مەترسیداربووە و لە قۆناخە پشێکەوتووەکانی شێرپەنجەکەیاندا بوون. تەندروستیی ئاکرێش دەڵێت، پلانیان هەیە سەنتەری تایبەت بە شێرپەنجەی مەمک بکەنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 6-10-2025 د. شڤان سەعید زێباری، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی لە نەخۆشخانەی گوڵان لە ئاکرێ بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا ئامێری پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک (مامۆگرافی) لە ئاکرێ کۆنە و هەموو جۆرێکی شێرپەنجەی مەمک دەستنیشان ناکات. ئەمەش وایکردووە خەڵکی ناوچەکە درەنگ بە شێرپەنجەکەیان بزانن.
د. شڤان سەعید زێباری، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی دەڵێت: خەڵک هۆشیارییان لەبارەی شێرپەنجەی مەمکەوە کەمە، چونکە هەر نیشانەیەکی گوماناوی لە مەمکدا هەبێت، پێویستە دەستبەجێ پزیشکی لێ ئاگادار بکرێتەوە.
هەرچەندە ئەمڕۆ نێچیرڤان فەخرەدین، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی ئاکرێ بە رووداوی گوت، پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک لە نەخۆشخانەی گوڵان لە ئاکرێ هەیە، بەڵام د. شڤان کە پسپۆڕێکی ئەو نەخۆشخانەیەیە دەڵێت: ''ئامێرەکە کۆنە و پێویستمان بە ئامێری نوێتر هەیە بۆ دەستنیشانکردنی شێرپەنجە بە وردی''.
نێچیرڤان فەخرەدین گوتیشی، لە پلانیاندایە سەنتەرێکی تایبەت بە پشکنین و چارەسەری شێرپەنجەی مەمک لەو سنوورە بکەنەوە.