سەنتەری نەخۆشییە گوازراوەکان لە ئێران: تاتووکردن بووەتە باو و لەڕێگەیەوە ئەیدز زیاد دەکات

رووداو - تەندروستی

سەرۆکی سەنتەری نەخۆشییە گوازراوەکان لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران تاتووکردنی بە مەترسییەکی جیدی دانا بۆ گواستنەوە و بڵاوبوونەوەی ئەیدز و ئێستا خەڵکانێکی زۆری وڵاتەکە رووی تێدەکەن.
 
قوباد موڕادی، سەرۆکی سەنتەری نەخۆشییە گوازراوەکان لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، ئەگەر تاتووکردن بە بێ رەچاوکردنی مەرج و بنەما تەندروستییەکان بکرێت، ئەوا شوێنێکی سەرەکی دەبێت بۆ گواستنەوە و تووشبوون بە ڤایرۆسە مەترسیدارەکانی نێو خوێن بەتایبەت (ڤایرۆسی هەوکردنی جگەری جۆری B و C لەگەڵ ڤایرۆسی HIV کە دەبێتە هۆی ئەیدز).
 
بەپێی خەمڵاندنەکانی تەندروستیی ئێران، ئێستا نزیکەی 40 هەزار تووشبووی ڤایرۆسی ئەیدز هەن کە تەنیا 25 هەزاریان دەستنیشانکراون و ئەوانی دیکە نازانن نەخۆشییەکەیان هەیە، بەڵام لێشیانەوە دەگوازرێتەوە.
 
لەم بارەیەوە کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی نەخۆشییەکانی جگەر لە ئێران ئاشکرای دەکات، بەکارهێنانی دەرزی و کەرستەی پیسبوو بە خوێنی کەسانی تووشبوو راستەوخۆ ئەیدز و ڤایرۆسە درێژخایەنەکانی جگەر دەگوازێتەوە. هەر بۆیە کوتان دژی ڤایرۆسەکانی هەوکردنی جگەر پێشنیاز دەکات و هۆشداریش دەدات لە کردنی تاتوو لە شوێنی رێگەپێدراو و سەلامەت.
 
دەرمانێکی نوێ چارە و رێگری لە ئەیدز دەکات؛ تاقیکراوەتەوە و خەڵکی زۆری پێچاکبوونەتەوە (راپۆرتەکە ببینە).