گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە: دایباب مەترسیی خۆراک و خواردنەوە زیانبەخشەکان بۆ قوتابییەکانیان باس بکەن
رووداو - تەندروستی
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە دایک و باوکان دەکات، منداڵەکانیان رێنوێنی بکەن بۆ ئەوەی خۆراک و خواردنەوە ناتەندروستەکان نەخۆن، بەتایبەت لەکاتی چوون و گەڕانەوە لە قوتابخانەیان.
ئەمڕۆ دووشەممە 6-10-2025 سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بووڵتەنی نیوڕۆژدا وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە کە قوتابییان لەڕێگەی دووکان و فرۆشگەکانی دەوروبەری قوتابخانەکانیانەوە بەرکەوتەیان بە خۆراک و خواردنەوە ناتەندروستەکان دەبێت و بە ئاسایی دەستیان دەکەون، ئەمە چۆن کۆنتڕۆڵ دەکرێت؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی، ''لەڕووی یاساییەوە ئێمە بەرپرسین لەنێو شوورای قوتابخانە''.
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ''لە دەرەوەی شوورای قوتابخانە ئەرکی دایک و باوکە لە رێنوێنیکردنی منداڵەکەیان بۆ دوورکەوتنەوە لەو خۆراک و خواردنەوە زیانبەخشانە''.
ئەوەشی باس کرد، رێنوێنیکارانی پەروەردەیی و مامۆستاکانی نێو قوتابخانەکان هەمیشە قوتابییان هۆشیار دەکەنەوە لە مەترسیی ئەو خۆراک و خواردنەوە زیانبەخشانە.
بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، چەند جارێکە قوتوو و شووشەی خواردنەوەی وزەبەخش بە قوتابییان دەگرن و دەڵێت: لە فرۆشگەی دەوروبەری قوتابخانەکانەوە کڕیویانە.
گێلاس شەریف دەشڵێت، بەو کاژێر 8ـی بەیانییە شووشەیەکی خواردنەوەی وزەبەخشیان بە دەست قوتابییەک بینیوە و دواتر قوتابییەکانیان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی هۆشیارییان بدەنێ لەبارەی مەترسییەکانی وزەبەخشەکان.