گوتەبێژی تەندروستیی هەولێر: ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا بە باشترین کواڵیتی لە بنکە تەندروستییەکاندا بەردەستە
رووداو - تەندروستی
گوتەبێژی تەندروستیی هەولێر دڵنیایی دەدات لە کواڵیتیی ڤاکسینەکانی ئەنفلەوەنزا و رایدەگەیێنێت: ڤاکسینەکان لەژێر چاودێریی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و بە باشترین رێکاری گواستنەوە و هەڵگرتن لە بنکە و نەخۆشخانەکان بەردەستن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6-11-2025 سامان سلێمان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، بڕی یەکەمی ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا بە سەرکەوتوویی دابەشکراوە بەسەر بنکە تەندروستی و نەخۆشخانەکانی سنووری هەولێر و ئێستا خەریکی دابەشکردنی بڕی دووەمی ڤاکسینە هاتووەکانن لەعێراقەوە.
سامان سلێمان گوتی، بۆ ئەوەی هەموو کەسێک بە ئاسانی ڤاکسینی پێبگات، تیمی گەڕۆک هەن بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ فەرمانبەرانی دائیرەکان بکەن تاوەکو ڤاکسینیان لێبدەن. لەبارەی ناوچە دوورەدەستەکانیش گوتی، ''ڤاکسین لە هەموو بنکەیەک هەیە و وامان کردووە، دانیشتووانی ئەو شوێنانەش لەڕێگەی ئەو بنکانەوە دەستیان بە ڤاکسینەکان بگات''.
جەختیشی لەوە کردەوە، ساڵانە لەڕێگەی چەندین هەڵمەت، دانیشتووانی سنووری هەولێر هۆشیار دەکەنەوە بۆ ئەوەی زۆرترینیان ڤاکسین وەربگرن.
د. گۆران هەورامی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو بە رووداوی گوتووە: (منداڵان، بەساڵاچووان، تووشبووانی نەخۆشییەکانی شەکرە و بەرزەپەستانی خوێن، ئەوانەی چاندنی گورچیلەیان بۆکراوە یاخود تووشبووانی شێرپەنجە) لە گرووپە مەترسیدارەکانن بۆ تووشبوون بە پەتای ئەنفلەوەنزا، هەروەها دەڵێت: ''ساڵانە ڤاکسین وەربگرن تاوەکو لەکاتی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکە نیشانەکانیان لاوازبێت، بۆئەوەی نەخۆشییەکە کاریگەرییان لەسەر نەکات''.
ئێستا وەرزی پەتا و ئەنفلەوەنزایە، بەپێی WHO بەم رێگەیانە خۆتیان لێبپارێزە؛
1- شووشتنی دەستەکان بەمەرجێک زیاتر بێت لە 20 چرکە.
2- بەکارهێنانی مادەی پاکژکەرەوە بۆ سەر مێز و کەلوپەلەکانی دەوروبەرت.
3- بایەخ بە خواردنی سەوزە و میوەکان بدە بەتایبەت مزرەمەنییەکان.
4- رۆژانە ئاوی پێویست بخۆرەوە.
5- نزیک مەکەورەوە لە کەسی تووشبوو.
6- کەسانی تووشبوو لەکاتی کۆکە و پژمە کلێنکس بەکاربهێنن.
7- دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵخ.
8- هەواگۆڕکێ لەنێو ماڵدا هەبێت.
9- کوتان بە ڤاکسینی ئەنفلەوەنزای وەرزی.
10- دەرزیی تێکەڵە بەکارمەهێنە، چونکە بەرگریی جەستە لاواز دەکات.
11- بە ئاوی شلەتێن یاخود سارد خۆتبشۆ، چونکە بەرگریی جەستە بەهێز دەکات.
گرووپە مەترسیدارەکان بۆ تووشبوون بە ئەنفلەوەنزا؛
* کەسانی قەڵەو
* تووشبووانی شێرپەنجە
* بەساڵاچووان
* تووشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ
* تووشبووانی شەکرە
* تووشبووانی رەبۆ
* منداڵی خوار 5 ساڵان
* خانمانی دووگیان
* تووشبووانی ئەیدز