11 رێگەی کاریگەری پێشگیریکردن لە پەتا وەرزییەکان بزانە
رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات کە ئەم ساڵ ماوەی بڵاوبوونەوەی پەتا وەرزییەکان زووتر دەستیپێکردووە، دەزگایەکی بەریتانیش دەڵێت، بەراورد بە ساڵی رابردوو لە وڵاتەکە پێنج هەفتە زووتر ژمارەی تووشبووانی پەتاکان بەرز بووەتەوە.
دەزگای ئاسایشی تەندروستیی بەریتانیا رایدەگەیێنێت، ژمارەی تووشبووانی پەتاکان لەنێو منداڵ و بەساڵاچوواندا بەرز بووەتەوە، دەزگاکە داوا لە خەڵکیش دەکات، ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا وەربگرن.
بەپێی د. سوزانا ماکدۆناڵد، سەرپەرشتیاری رووبەڕووبوونەوەی ئەنفلەوەنزا لە دەزگاکە دەڵێت، ساڵی رابردوو هەشت هەزار تووشبووی ئەنفلەوەنزا گیانیان لەدەستداوە و نیگەرانن لە زوودەستپێکردنی ماوەی بڵاوبوونەوەی پەتا وەرزییەکان.
ئێستا وەرزی پەتا و ئەنفلەوەنزایە، بەپێی WHO بەم رێگەیانە خۆتیان لێبپارێزە؛
1- شووشتنی دەستەکان بەمەرجێک زیاتر بێت لە 20 چرکە.
2- بەکارهێنانی مادەی پاکژکەرەوە بۆ سەر مێز و کەلوپەلەکانی دەوروبەرت.
3- بایەخ بە خواردنی سەوزە و میوەکان بدە بەتایبەت مزرەمەنییەکان.
4- رۆژانە ئاوی پێویست بخۆرەوە.
5- نزیک مەکەورەوە لە کەسی تووشبوو.
6- کەسانی تووشبوو لەکاتی کۆکە و پژمە کلێنکس بەکاربهێنن.
7- دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵخ.
8- هەواگۆڕکێ لەنێو ماڵدا هەبێت.
9- کوتان بە ڤاکسینی ئەنفلەوەنزای وەرزی.
10- دەرزیی تێکەڵە بەکارمەهێنە، چونکە بەرگریی جەستە لاواز دەکات.
11- بە ئاوی شلەتێن یاخود سارد خۆتبشۆ، چونکە بەرگریی جەستە بەهێز دەکات.
نەک تەنیا بەریتانیا، بەڵکو (ئەمریکا، سوێد، کەنەدا، دانیمارک، هەنگاریا، چین و ژاپۆن) پەتاکانیان زۆر بەخێرایی تێدا بڵاو بووەتەوە.