وەزیری تەندروستیی عێراق: پێنج سەنتەری نوێی چارەسەری شێرپەنجە دەکەینەوە

رووداو - تەندروستی

وەزیری تەندروستیی عێراق پلانی پێنج سەنتەری چارەسەر و پشکنینی شێرپەنجە بەبڕی چوار ملیۆن دۆلار رادەگەیێنێت.

لەنێو کۆنفرانسی دەرخستنی کارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراقدا د. ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق رایگەیاند، لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا دابینکردنی بیمەی تەندروستی بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتی یەکێک لە کارە هەرە گرنگەکان بووە و لەگەڵیشیدا زیاتر لە 20 نەخۆشخانە لە عێراقدا کراونەتەوە.
 
د. ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق گوتی، زیادکردنی ژمارەی پزیشکانی خێزانی یەکێکە لە کارە هەرە لەپێشینەکانی تەندروستیی عێراق. 
 
تەنانەت حەسناوی موژدە دەداتە تووشبووانی شێرپەنجە لە عێراق و دەڵێ، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیایەکدا پلانی دامەزراندنی پێنج سەنتەری تایبەت بە شێرپەنجەیان بەبڕی چوار ملیۆن دۆلار هەیە کە لە هەریەک لە شارەکانی (بەغدا، نەجەف و کەربەلا) دەکرێنەوە.
 
ئەو کۆنفرانسە تایبەتە بە دەرخستنی کارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق و دوێنێ چوارشەممە 5-11-2025 دەستیپێکرد.