پزیشکێکی کورد رێگەیەکی نوێی نەشتەرگەری بۆ چارەسەری دەرچوونی کۆم دەدۆزێتەوە
رووداو - تەندروستی
لە توێژینەوەیەکدا تەکنیکێکی نوێی نەشتەرگەری بە ناوی "چنینەوەی درێژودرێژ" بە سەرکەوتوویی بۆ چارەسەری دەرچوونی کۆم لەلایەن پسپۆڕێکی کوردەوە بەکاردەهێنرێت، بەتایبەتی لەنێو منداڵان و کەسانی بەساڵاچوودا.
توێژینەوەکە لەلایەن د. سیروان حەمەشەریف قەرەداخی، کراوە و دەرکەوتووە کە تەکنیکی نوێی "چنینەوەی درێژودرێژ" رێگەیەکی کەم مەترسییە و لە کۆی گشتی نەخۆشەکان، تەنیا 12 کەس (11.1%) تووشی کێشەی لاوەکی بوون و هیچ کێشەیەکی مەترسیدار تۆمار نەکرا. یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئەم تەکنیکەش ئەوەیە کە زۆربەی نەخۆشەکان (72.2%) لە ماوەی کەمتر لە 6 کاژێردا نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
ئەم تەکنیکە نوێیە بەوە جیا دەکرێتەوە کە کەمترین دەستکاری شانەکانی کۆم دەکات، ماوەی نەشتەرگەرییەکە کورت دەکاتەوە و ئاوسانی دوای نەشتەرگەرییەکە کەمدەکاتەوە، ئەمەش وایکردووە ببێتە بژاردەیەکی گونجاو بۆ چارەسەری دەرچوونی کۆم.
دەرچوونی کۆم، حاڵەتێکە کە تێیدا هەموو چینەکانی دیواری کۆم لە رێگەی کەناڵی کۆمەوە دێنە دەرەوە، هەرچەندە نەشتەرگەری چارەسەری سەرەکییە، بەڵام زۆرجار دوای ماوەیەک حاڵەتەکە دووبارە دەبێتەوە.