بەرنامەی دکتۆر ئاراس؛ خۆراکی هاوردە هۆکاری تووشبوون بە شێرپەنجەیە و خۆماڵی باشترینە

رووداو - تەندروستی 

لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی دکتۆر ئاراسدا ستۆدیۆ تایبەتە بە خۆراکە کوردەوارییەکان و دکتۆر ئاراس لەگەڵ پسپۆڕێکی سەلامەتیی خۆراک باس لە سوود و تایبەتمەندییەکانیان دەکات، هاوکات پسپۆڕێکی سەلامەتیی خۆراک رایدەگەیێنێت، سەرجەم خۆراکە کوردەوارییەکان سوودی تایبەتمەندیان هەیە و پێویستە رۆژانە بایەخیان پێ بدرێت. 
 
لە بەرنامەکەدا بەرهەمە شیرەمەنییەکان، هەریەکە لە ماست، پەنیر، شیر، دۆ، شیرێژ، لۆر، قەیماخ، ژاژی و کەشک داندراون و باسیان دەکرێت، پسپۆڕێکی سەلامەتیی خۆراک دەڵێت: لە ژەمی بەیانیاندا بایەخ بە بەرهەمە شیرەمەنییە خۆماڵییەکان بدرێت، چونکە دەوڵەمەندن بە بەهای خۆراکیی جۆراوجۆر وەکو کانزا و ریشاڵەکان. 
 
د. دارا محەممەد، پسپۆڕی سەلامەتیی خۆراک لەبارەی خۆراکە خۆماڵییەکانەوە دەڵێت: ''خۆراکە خۆماڵییەکان مادەی پارێزەریان تێدانییە و زۆرینەیان تەندروستیی گەدە و ریخۆڵەکان دەپارێزن.''
 
د. دارا باس لە خۆراکە هاوردەکراوەکان دەکات و مادەی پارێزەرەکانیان بە هۆکارێکی مەترسیدار بۆ تووشبوون بە ناهاوسەنگیی هۆرمۆنەکان دادەنێت تەنانەت روونیشی دەکاتەوە، کوالێتی و بەهای خۆراکەکە کەمدەکەنەوە.
 
بە گوتەی پسپۆڕەکەی سەلامەتیی خۆراک، مادەی پارێزەری نێو خۆراکە هاوردەکراوەکان کۆئەندامی هەرس تێکدەدەن و دەشێت ببنەهۆی نەخۆشیی درێژخایەنی مەترسیدار وەکو شێرپەنجە.
 
لەبارەی جیاوازیی نێوان خۆراکە خۆماڵییەکان و هاوردەکراوەکان پسپۆڕەکەی سەلامەتیی خۆراک دەڵێت: ''رەنگە فێڵ لە پێکهاتە و کوالێتی خۆراکە هاوردەکراوەکان بکرێت، بەڵام خۆراکە خۆماڵییەکان هیچ مادەیەکی پارێزەریان تێدانییە و لەڕووی تەندروستییەوە زۆر سەلامەتن.'' 
 
پسپۆڕەکەی سەلامەتیی خۆراک بە نموونە باسی کەشک دەکات و دەڵێت: زۆرترین پڕۆتین و کانزاکانی تێدایە و کەمترین چەوریی لەخۆگرتووە، هەر بە گوتەی پسپۆڕەکە، دەکرێت کەشک لە بەیانیان و ئێوارانیشدا بخورێت.
 
د. دارا جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە هەڵگرتنی خۆراکە خۆماڵییەکان لەنێو گۆزە پارێزراوە و تەندروستە تەنانەت پێشنیازدەکات لە هەفتەیەکدا 30 جۆر خۆراکی سەرچاوە رووەکی بخورێن.
 
لە درێژەی باسکردنی خۆراکە کوردەوارییەکان ترخێنەش باسکرا و دکتۆر دارا گوتی: بەهۆی ئەوەی ترخێنە دەوڵەمەندە بە ریشاڵە خۆراکییەکان، ئەوا کرداری هەرسکردن ئاساندەکات.
 
لە بەشێکی بەرنامەکەدا دکتۆر ئاراس بە گرافیک باسی هاوردەکردنی خۆراکەکان و مەترسییەکانی مادەی پارێزەری نێویان رووندەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، مادە پارێزەرەکانی نێو خۆراکە هاوردەکراوەکان دەشێت ببنەهۆی چەندین کێشەی تەندروستی کە سادەترینیان هەستیارییە و ئاڵۆزترینیان شێرپەنجەیە.
 
د. زانا ئەحمەد، پسپۆڕی خۆراک لە بەرنامەکەدا گوتی: بەرهەمە خۆماڵییەکان بەراورد بە هاوردەکراوەکان زۆر تەندروستترن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە مادەی کیمیایی پارێزەریان تێدانییە، هاوکات دەڵێت: ''مادە پارێزەرەکان لەپیاواندا کاریگەرییان لەسەر کەمکردنەوەی ئارەزووی سێکسی و لە خانمانیشدا ناڕێکیی هۆرمۆنەکان و سووڕی مانگانە هەیە.'' 
 
لە کۆتاییدا دکتۆر ئاراس پەیامێکی هەیە و رایدەگەیێنێت، بۆ پاڵپشتیکردنی جووتیارانی هاونیشتمانی و خزمەتکردنی زیاتر بە رۆڵەی منداڵی گوندەکان، پێویستە بایەخ بە خۆراکە خۆماڵییەکان بدرێت و ببنە خۆراکی سەرەکیی رۆژانە.
 
بۆ بینینی تەواوی بەرنامەکە کلیک لێرە بکە.