پزیشکێکی کورد لە پەرلەمانی ئەورووپا تاوتوێی ئاسایشی تەندروستی دەکات
رووداو - تەندروستی
لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، کۆنفرانسێک تایبەت بە ئاسایشی تەندروستیی یەکێتیی ئەوروپا بەڕێوەچوو و پزیشکێکی کورد بەناوی د. رەوەند کامەران وەک تاکە بانگێشتکراو بەشداریی تێدا کرد.
د. رەوەند کامەران کە تاکە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بەشی نەخۆشییە گوازراوەکانە، بە رووداوی رایگەیاند، "ئەو کۆنفرانسە تایبەتە بە یەک تەندروستی، یەک دید و ئاسایشی تەندروستی لەنێو ئەوروپا."
بە گوتەی ئەو پزیشکە کوردە، دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا یەکێتیی ئەوروپا لە رووی تەندروستییەوە بەرەو دابڕان رۆیشتووە.
د. رەوەند کامەران، ئاماژەی بەوەش کرد، "تەندروستی تەنیا مرۆڤ ناگرێتەوە، بەڵکو ئاژەڵان و کەشوهەواش دەگرێتەوە و دەبێت ئەوانە یەکسان بن، ئینجا مرۆڤیش تەندروست دەبێت."
سەبارەت بە ئامانجی کۆنفرانسەکە، د. رەوەند کامەران گوتی، "ئامانج ئەوەیە ئامارەکانی هەموو ئەوروپا یەکبخرێن و ژیریی دەستکرد بۆ شیکردنەوەی ئامارەکان بەکاربهێنرێت، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پەتایەک هاوشێوەی کۆرۆنا لەنێو ئەوروپادا بڵاونەبێتەوە."