توێژەرێکی کورد: بەمزوانە دڵە دەستکردەکەم لەسەر مرۆڤ تاقیدەکرێتەوە
رووداو - تەندروستی
توێژەرێکی دڵی دەستکرد ئاماژەبەوەدەکات کە دوای 20 ساڵ توێژینەوە، دڵێکی دەستکردی دروستکردووە کە "وەک دڵی سرووشتییە" و بەمزوانە لەسەر مرۆڤ تاقیدەکرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5-2-2026 د. ئازاد ئیبراهیم پسپۆڕی میزەڕۆ و توێژەری دڵی دەستکرد لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند "دڵێکی دەستکردم درووستکردووە کە وەک دڵی سرووشتییە و هەموو وردەکارییەکانی دڵم تێداناوە."
د. ئازاد ئیبراهیم ئاماژەی بەوەشکرد کە دروستکردنی دڵەکە "زۆر زەحمەت" بووە، بەڵام دوای 20 ساڵ لە کارکردن توانیویەتی سەرکەوتوو بێت.
ئەو توێژەرە کوردە روونیکردەوە کە دڵە دەستکردەکە لە ساڵی 2014ـەوە لەسەر ئاژەڵ تاقیکراوەتەوە و ئێستا رەزامەندی دەستەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA)ـیان وەرگرتووە بۆ ئەوەی لەسەر مرۆڤیش تاقی بکرێتەوە.
بە گوتەی د. ئازاد، تاقیکردنەوەکە لەسەر ئەو نەخۆشانە دەکرێت کە تەنیا یەک بۆ دوو هەفتەیان لە ژیاندا ماوە. هەروەها گوتیشی، "یەکەم تاقیکردنەوە لە ئەمریکا یان ئەوروپا دەبێت و دواتریش هەوڵدەدەین لە هەرێمی کوردستان تاقی بکەینەوە."
د. ئازاد ئیبراهیم گوتی ئێستا پزیشکانی نەشتەرگەریی مرۆڤ و ئاژەڵ فێردەکرێن کە چۆن دڵە دەستکردەکە بچێنن.