قوربانییانی نێو کەرتی تەندروستیی ئێران زیادبوون

رووداو - تەندروستی

وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایدەگەیێنێت، لە سەرەتای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەیان، 10 کارمەندی تەندروستییان کوژراون و بە ''شەهید'' ناویان دەبات.
 
تەندروستیی ئێران ئاشكرای دەکات، ژمارەی قوربانییانی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەنێو کارمەندانی تەندروستی و پزیشکان زیاد دەکەن و تاوەکو ئێوارەی رۆژی هەینی 6-3-2026، ژمارەکە 10 کوژراوی تۆمار کردووە.
 
مانگی سووری ئێران رایگەیاند: "لە ماوەی یەک هەفتەی جەنگ و دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکان، 11 بنکەی مانگی سووری ئێران لە شارە جیاوازەکان زیانیان بەرکەوتووە.''
 
بەپێی ئاماری مانگی سوور، زیاتر لە سێ هەزار خانوو، 500 دووکان و شوێنی بازرگانی، 14 باڵەخانەی تەندروستی و دەرمانخانە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل و ئێران زیانیان بەرکەوتووە، لەهەموویان زیاتر زیان بەر تاران کەوتووە.
 
شەش بنکەی فریاکەوتن و 11 نەخۆشخانەی ئێران کراونەتە ئامانج
 
جەعفەر میعادفەر، بەڕێوەبەری گشتیی فریاکەوتنی ئێران ئاماری تایبەت بە بریندرانی شەش رۆژی جەنگی بڵاو کردەوە و دەڵێ، زیاتر لە شەش هەزار کەس بەهۆی بۆردوومانەکانەوە بریندار بوون کە لەو ژمارەیە، هێشتا 2500ـیان لە نەخۆشخانەکاندا ماون.
 
بەڕێوەبەری گشتیی فریاکەوتنی خێرای ئێران باسی لەوە کرد، هەر لە ئەنجامی هێرشەکاندا شەش بنکەی فریاکەوتن و 11 بەخۆشخانە زیانیان بەرکەوتووە.