پسپۆڕێک رێنوێنیی گرنگ بۆ پاراستنی تەندروستیی خانمانی دووگیان لەکاتی جەنگدا دەخاتەڕوو

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون، ژمارەیەک رێنوێنیی گرنگی بۆ خانمانی دووگیان لە ناوچە جەنگییەکان و دۆخە سەختەکاندا دەخاتەڕوو، بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە پارێزگاری لە تەندروستیی خۆیان و کۆرپەکانیان بکەن.
 
ئەمڕۆ شەممە 7-3-2026 د. فەوزییە ئابام، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون کە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند "ئەو خانمانەی پادی تەندروستییان دەست ناکەوێت، دەتوانن پارچە قوماشی خاوێن لە جلەکانیان دروست بکەن و هەر 3 بۆ 4 کاژێر جارێک بیگۆڕن."
 
د. فەوزییە ئابام رێنوێنی دەدات کە شێوازی خاوێنکردنەوەی کۆئەندامی زاوزێ دەبێت لە پێشەوە بۆ دواوە بێت، بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی بەکتریا و تووشبوون بە هەوکردن دووربن، ئاماژە بەوەدەکات، "لە کاتێکدا خانمێک هەستی کرد جلی ژێرەوەی تەڕ بووە، پێویستە راستەوخۆ بیگۆڕێت و پارچە پەڕۆکە بە باشی بشوات و لەبەر تیشکی خۆر دایبنێت تاوەکو بە تەواوی وشک دەبێتەوە و میکرۆبەکانی لەناو دەچن."
 
د. فەوزییە ئابام جەختی کردەوە پێویستە خانمانی دووگیان رۆژانە بڕێکی زۆر ئاو بخۆنەوە، چونکە خواردنەوەی ئاو یارمەتیی زیادبوونی رێژەی میز دەدات و ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ پاککردنەوەی رێڕەوی میز و کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە هەوکردن.
 
پسپۆڕەکەی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون هۆشداری دەدات لە چەند نیشانەیەک کە پێویستیان بە سەردانی بەپەلەی نەخۆشخانە هەیە، لەوانە:
 
-  خوێنبەربوون
-  هاتنەخوارەوەی ئاوێکی زۆر لە زێ
- ئاوسانی لەناکاو لە جەستەدا، بەتایبەتی ئەگەر ئازاری دڵ و رشانەوەی لەگەڵدا بوو
-   رەقبوونی سک
 
د. فەوزییە ئابام، رێنمایی خانمانی دووگیان دەکات کە جانتایەکی تایبەت بۆ کاتە لەناکاوەکان ئامادە بکەن کە ئەم پێداویستییانەی تێدابێت:
 
-  چەند پارچە پەڕۆیەکی خاوێن یان پادی تەندروستی
-  خۆراکی پێویست و وزەبەخش وەک گوێز و بادەم
-  فایلی پزیشکی کە زانیارییەکانی ماوەی دووگیانییەکەی تێدایە
- پارچە کاخەزێک کە گرووپی خوێن و هەفتەی دووگیانییەکەی لەسەر نووسرابێت