نوێنەری WHO لە عێراق بۆ رووداو: کار لەسەر بەئەلیکترۆنیکردنی سیستمی تەندروستیی عێراق دەکەین
رووداو - تەندروستی
نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO لە عێراق ئاشکرای دەکات، کار لەسەر بەئەلیکترۆنیکردنی زانیارییە تەندروستییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن و دەڵێت: ''سیستمی بە ئەلیکترۆنیکردن چاودێریکردن لەسەر کێشە تەندروستییەکان زیاتردەکات و کۆنتڕۆڵکردنیان باشتردەکات''.
لە هەڤپەیڤینێکدا کە دکتۆر لونا خالید، پێشکێشکاری تەندروستیی رووداو لەگەڵ پڕۆفیسۆر جۆرج ئەلفرێد، نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO لە عێراق روونکرایەوە کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی مەبەستیانە کەرتی چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکەنە مەرجی سەرەکیی سیستمی تەندروستی و ئێستاش کاری جیدی لەسەر بەئەلیکترۆنیکردنی زانیارییەکانی کەرتی تەندروستی دەکەن.
پڕۆفیسۆر جۆرج ئەلفرێد دەڵێت: چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی بناخەی کەرتی تەندروستییە و پێویستە هەموو تاکێک دەستی بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بگات.
هاوکات ئەو نوێنەرەی WHO لە عێراق دەشڵێت: ''کاری جیدی لەسەر پێشگیریکردن لە نەخۆشییە نەگوازراوەکان دەکەین و کارکردن لەسەر بەدیجیتاڵیکردنی سیستمی تەندروستیی عێراق ئامانجێکی سەرەکیمانە''.
لە بەشێکی قسەکانیدا د. جۆرج ئەلفرێد گوتی، WHO هاوئاهەنگیی باشی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە و خۆشگوزەرانیی خەڵکی عێراق ئامانجێکی سەرەکییانە.
ئاماژەش بە بەئەلیکترۆنیکردنی سیستمی تەندروستیی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: ''پشتگیری لە سیستمی نیشتمانیی زانیاریی تەندروستی لە عێراق دەکەین و تائێستا هەنگاوەکانی بەئەلیکترۆنیکردنی زانیاریی تەندروستی لە عێراق سەرکەوتووبووە''.
پڕۆفیسۆر جۆرج ئەلفرێد جەخت لەوەشدەکاتەوە، هەر تاکێک مافی خۆیەتی خزمەتگوزاریی تەندروستیی پێبگات و بە پێویستیشی دەزانێت کە بایەخی زیاتر بە رێگەکانی پێشگیریکردن وەکو کوتان بدرێت، بەتایبەتیش ''کوتان دژی سوورێژە کارێکی لەپێشینەیە، چونکە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بەردەوامە''.
لە کۆتایی قسەکانیدا ئەوەشی گوت کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستە وەبەرهێنانی زیاتر بۆ خۆپاراستن بکرێت و هۆشیاریی تەندروستی و رێگەکانی خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان بۆ هاووڵاتییان دەستەبەر بکرێن، چونکە ''خۆپاراستن بەراورد بە چارەسەرکردن تێچووی کەمترە''.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ پڕۆفیسۆر جۆرج ئەلفرێد، نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO لە عێراق؛
رووداو: ئێستا گفتوگۆدەکەم لەگەڵ پڕۆفیسۆر دکتۆر جۆرج ئەلفرێد، نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و بەرپرسی کاروبارەکانی رێکخراوەکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کە بەمدواییانە دەستنیشانکرا، سوپاس بۆ بەشداریکردنت لە تۆڕی میدیایی رووداو. دەمەوێ لە دڵەوە پیرۆزبایی ئەرکە نوێیەکەت و یادی دامەزراندنی 75 ساڵەی WHOـت لێبکەم.
رووداو: ئێستا دەمەوێت لەوەوە دەستپێبکەم کە بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی رێکخراوەیی خۆت، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ناوچەییەکان، پلانت هەیە لە عێراق چ ستراتیژییەکی گشتگیر جێبەجێی بکەیت؟ چ بوارێک پێشەنگی کارەکانتن و ئامانجە سەرەکییەکان لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەتدا چین؟
پڕۆفیسۆر جۆرج ئەلفرێد: زۆر سوپاس بۆ میوانداریکردنم؛ دەمەوێت سڵاوی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بگەیێنم کە رێکخراوێکی تەندروستیی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانە و نوێنەری وڵاتانی ئەندامە لە سێ ئاستی رێکخراوەکە لەوانەش ئاستی وڵات، ئاستی بنەڕەتی و ئۆفیسی سەرەکی کە بنکەکەی لە قاهیرە و بارەگای سەرەکیشی لە ژنێڤە؛ بەڕاستی خۆشحاڵین کە بەشێکین لەم گفتوگۆیە؛ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق پابەندە و هاوئاهەنگییەکی زۆری لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەیە. ئێمە لەگەڵ دەزگاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، رێکخراوە ناحکومییەکان و کۆمەڵگە نێوخۆییەکان کاردەکەین بۆ دڵنیابوون لە هەموو هەوڵەکانمان و پشتیوانیی هاوپەیمانانمان. کاری لەپێشینەی نیشتمانی و ناوچەییمان هەیە و ئامانجمان پێشکەوتنی بەرچاوە لە چارەسەرکردنی تەندروستی و خۆشگوزەرانیی خەڵکی عێراق. ستراتیژییەکانمان بە چەند شێوەیەک سەرنجدەخەنە سەر بابەتە سەرەکییەکانمان؛ یەکەم؛ ئێمە درک بە بایەخی چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی وەکو بەردی بناخەی سیستمی چاودێریی تەندروستی دەکەین؛ پشتگیری و چاودێریی خۆپارێزی، خزمەتگوزارییەکانی تەندروستیی دایکان، منداڵان و مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشییە باوەکان پێشکێشدەکەین بۆ دڵنیابوون لەوەی کۆمەڵگەکان دەستیان بە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان دەگات، ئەوەش بارگرانیی لەسەر دامەزراوەکانی چاودێریی تەندروستی کەمدەکاتەوە و تەندروستی و چاودێریی خێزانەکانیش باشتردەکات لە عێراق. دووەم؛ ئێمە پشتگیریی ئامادەکاری بۆ وەڵامی دۆخە فریاگوزارییەکان دەکەین، هەروەها پشتگیریی خۆپاراستن و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکانیش دەکەین، تەنانەت پشتگیریی یەکخستنی خزمەتگوزارییەکانی دەرووندروستی و چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی بۆ دانیشتووان دەکەین. لەگەڵ زیادبوونی بارگرانیی نەخۆشییە نەگوزراوەکان وەکو 'شێرپەنجە، شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن' کاردەکەین بۆ پێشخستنی شێوازی ژیانی تەندروستتر و زیادکردنی خزمەتگوزارییە چارەسەرییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشییە نەگوازراوەکان. سێیەم؛ کار لەسەر داهێنان دەکەین لە پێشخستنی تەندروستیی عێراق، گۆڕانکاریی تەندروستیی دیجیتاڵیمان هەیە. ئێمە پشتگیری لە سیستمی نیشتمانیی زانیاریی تەندروستی دەکەین بۆ لێکەوتەکانی کاریگەری و بڕیاردان لەسەر بنەمای راستییەکان بۆ باشترکردنی کێشە تەندروستییەکانمان.
رووداو: کەی دەتوانین چاوەڕوانی پێشکەوتنی بەرچاوبین لە دامەزراندنی سیستمی زانیاریی تەندروستیی ئەلیکترۆنی لە عێراق و هەرێمی کوردستان؟ چۆن رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بەنیازە بەشداریبکات لە چارەسەرکردنی ئەم کەموکوڕییە؟
پڕۆفیسۆر جۆرج ئەلفرێد: دامەزراندنی سیستمێکی ئەلیکترۆنیی زانیاریی تەندروستی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕاستی هەنگاوێکی چارەنووسسازە بۆ نوێگەری لە پێشکێشکردنی چاودێریی تەندروستی و باشترکردنی ئەنجامە تەندروستییەکان بۆ دانیشتووان، خۆشحاڵم کە پرۆسەی دامەزراندنی سیستمی ئەلیکرۆنیی زانیاریی تەندروستیی لە ساڵی 2022دا دەستپێکرا و پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە لە بوارەکانی وەکو 'بەرنامەی فراوانکراوی کوتان، نەخۆشیی سیل و خۆراک'، هەروەها بۆ کۆکردنەوە و شیکردنەوە و بەکارهێنانی زانیارییەکان لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نیشتمانی، بۆیە ئێمە بە هاوکاریی حکومەتی عێراق و هاوبەشە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت کاردەکەین بۆ رەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ خێراکردنی بەدیجیتاڵیکردنی سیستمی تەندروستی بە پاڵپشتیکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان لەڕێگەی هاوکاریی تەکنیکی، بنیاتنانی توانا و باشترکردنی رێنوێنییە کردەییەکان لە جێبەجێکردنی تەندروستیی دیجیتاڵیدا.
رووداو: چۆن هەوڵەکانی عێراق بۆ بەدەستهێنانی تەندروستیی گشتی هەڵدەسەنگێنن؟ چ رێوشوێنێک لە ئارادایە بۆ دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتنێکی دادپەروەرانە بە خزمەتگوزارییەکانی چاودێریی تەندروستی بۆ هەموو تاکەکان؟
پڕۆفیسۆر جۆرج ئەلفرێد: بەڵێ، دەزانیت کە بەدەستهێنانی دابینکردنی تەندروستیی گشتگیر ویستێکی خودایە. ئەمە بەشێکە لە ئامانجە گەشەپێدانە خەمڵێندراوەکانی ئێس دی جی سێی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان {رێکخراوەکە کاردەکات بۆ باشترکردنی خۆشگوزەرانیی تاک}، هەوڵێکی ئاڵۆز و گەورەیە بۆ وڵات و سەرتاسەری جیهان، پەتای کۆڤید-19 تیشکی خستە سەر لاوازییەکانی سیستمی تەندروستی لەسەر ئاستی جیهان، ئەم ئامانجە دەبێتەهۆی دابەشکارییەکی بەرچاو و پێچەوانەکردنەوەی ئەو پەیڕەوەی هەبووە و پەیداکردنی ئەزموون و سوودوەرگرتن لە هەڵەکانی رابردوو. ئێمە پشتگیری لە پێشکەوتنی عێراق دەکەین بۆ بنیاتنانی سیستمێکی تەندروستیی پتەو و پاڵپشتیی دابینکردنی تەندروستیی گشتگیر دەکەین بە 'بەهێزکردنی چاودێریی تەندروستیی سەرەتای، گەشەپێدانی سندووقی هاوکاری، باشترکردنی ژێرخانی تەندروستی، پاڵپشتیی دارایی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و پاراستن و هاندانی یەکسانیی تەندروستی'. بەردەوامبوونمان و کارکردن پێکەوە لەگەڵ هەموو هاوبەشەکانمان لەڕیزداین بۆ بەپێشەنگکردنی وەبەرهێنان لە کەرتی تەندروستی و خێراکردنی پێشکەوتنەکان بۆ ئەو دەستەواژەیەی دەڵێت، ''تەندروستی بۆ هەمووان''.
رووداو: چ هەنگاوێک دەگیرێتەبەر بۆ بەهێزکردنی تەندروستیی گشتی لە چوارچێوەی کارگێڕیی عێراقدا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵە لاوازانەی کە دەستنیشانکراون؟ ئایا بایەخی زیاتر دەدرێت بە خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان یان بە چارەسەر؟
پڕۆفیسۆر جۆرج ئەلفرێد: عێراق رەوتی تەندروستیی گشتی وەرگرتووە و ستراتیژییەکانی وەکو وەبەرهەمهێنان لە ژێرخانی تەندروستی، هێزی کاری تەندروستی، چاودێریی و وەڵامدانەوەی نەخۆشییەکان و پێشکەوتنی پەروەردەی تەندروستی جێبەجێدەکات، بەڵام بەڕاستی پێویستە وەبەرهێنانی زیاتر بکەین لە خۆپاراستن کە تێچووی کەمتری هەیە و پێم وایە دەگەڕێمەوە بۆ قسەکانی رابردووم، بۆ نموونە ئێمە بە حکومەتە ناوچەییەکان دەڵێن کە دەستڕاگەیشتن بە کەرتی تەندروستیی گشتی بکەنە بەردی بناخەی کارنامەی تەندروستییان، بەڵام پابەندبوونی سیاسی زۆر گرنگە. هەروەها ئێمە باس لە بایەخدان بە خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان دەدەین بە وەبەرهێنانی زیاتر لە کوتان، پاکوخاوێنی و پەروەردە و هۆشیاریی تەندروستی بۆ ئەوەی کاریگەرییەکان و تێچووی نەخۆشی لەسەر تاکەکان لە کۆمەڵگەکاندا کەمبکەینەوە. پاراستنی هاوسەنگیی دروست لەنێوان خزمەتگوزارییەکانی خۆپاراستن، چارەسەرکردن، کەمکەرەوەی نیشانەکان و خزمەتگوزارییەکانی شییانەوە زۆر گرنگە.
رووداو: باشە، رێکخراوەکەتان چۆن بڵاوبوونەوەی ڤاکسین لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە کێشەی کورتهێنانیان هەیە رێکدەخات؟ بۆ دڵنیابوون لە بەردەستبوونی بڕی گونجاوی ڤاکسین وەکو ڤاکسینی کۆڤید-19، HPV، و هەوکردنی جگەر؟
پڕۆفیسۆر جۆرج ئەلفرێد: پێم وایە ئەوە خاڵێکی گرنگە، بەڵام هەموو ڤاکسینەکان وەکو کۆڤید-19و هەوکردنی جگەر و تەنانەت بەرنامە پێشەنگەکانی دیکەش کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بەرهەمدەهێنرێن و دابیندەکرێن، بڕێکی کەم لە ڤاکسینەکانی کۆڤید-19 لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دابینکراون، بەڵام بۆ ئاسانکاریی جیهانی بەشێکی زۆریان لەلایەن کۆڤاکس {دامەزراوەیەکی سەر بە تەندروستیی جیهانییە بۆ دابینکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا} لە کاتی پەتای کۆرۆنا دابینکران. ڤاکسینی ڤایرۆسی پاپیلۆما کە بۆ پێشگیریکردن لە شێرپەنجەی ملی منداڵدانە بە پێدانی بە مێرمنداڵان تاوەکو ئێستا لە قۆناخەکانی توێژینەوەدایە، بەڵام هەموو کوتانە رۆتینییەکان بەردەستن بۆ نموونە ئێستا کوتان دژی سوورێژە ئەولەویەتێکی گرنگە، چونکە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بەردەوامە.
رووداو: بەڕێز پڕۆفیسۆر جۆرج ئەلفرێد، خۆشحاڵم ئەمڕۆ چاوپێکەوتنم لەگەڵ ئێوە کرد، سوپاس بۆ ئەوەی ئەمڕۆ بەشداریتان لەم بابەتەدا کرد.
پڕۆفیسۆر جۆرج ئەلفرێد: زۆر سوپاس، خۆشحاڵبووم و بەرزی دەنرخێنم.