هاووڵاتییانی بەلجیکا داوای بەخۆڕاییکردنی ڤاکسینی دژە ئەیدز دەکەن
رووداو - تەندروستی
ئێرە بەلجیکایە، رۆژانە دوو بۆ سێ تووشبووی ڤایرۆسی HIV کە دەبێتە هۆی ئەیدز تۆمار دەکرێن و خەڵکەکەی داوای بەخۆڕاییکردنی دەرمانێک دەکەن کە رێگری لە نەخۆشییەکە دەکات.
تێری مارتن، بەڕێوەبەری پڕۆگرامی پێشگیریکردن لە ئەیدز لە بەلجیکا دەڵێت: ''بێگومان، دەرمانەکە زۆر کاریگەر و بەسوودە بۆ گرووپە مەترسیدارەکان. ئەوانەی لە ناوەندە پزیشکییەکانەوە دوورن، کێشەیان لە وەرگرتنی دەرمانی رێگری لە ئەیدز هەیە''.
کابۆتیگراڤیر دەرزییەکە هەم چارەسەر و هەمیش ڤاکسینە دژی ئەیدز لە بری هەموو رۆژێک، تەنیا دوو مانگ جارێک بەکاردێت.
سەرۆکی بەشی نەخۆشییە گوازراوەکان لە نەخۆشخانەی زانکۆی سانت پێیرێ دەڵێت: ''وەبەرهێنان لە خۆپارێزیدا، بەتایبەت بۆ ئەوانەی ناتوانن پێیان بگەن، کارێکی باش و شایستەیە، لەڕاستیدا هەر بۆ ئەم کەسانەیە کە دەتوانین دەرزیی کابۆتیگراڤیر هەر دوو مانگ جارێک پێشکێشبکەین و بەمشێوەیە بتوانین رێڕەوی ڤایرۆسی HIV لە بەلجیکا بگۆڕین''.
نرخی هەر دەرزییەک هەزار و 500 دۆلارە و لەبەر گرانییەکەی، خەڵک لێی نادەن. لە بەلجیکا 20 هەزار کەس ڤایرۆسی HIVـیان هەیە. خەڵکەکەی دەیانەوێت هەمووان بە خۆڕایی ڤاکسینەکە وەربگرن، بۆ ئەوەی لە نەخۆشییە ترسناکەکە پارێزراو بن.