بەرنامەی دکتۆر ئاراس؛ مردنی لەناکاوی گەنجان گرفتێکی گەورەی جیهانییە
رووداو - تەندروستی
لە بەرنامەی ئەمجارەی دکتۆر ئاراس باسی هۆکارەکانی مردنی لەناکاوی گەنجان کرا و پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو و دڵ دەڵێت، مردنی لەناکاوی گەنجان گرفتێکی گەورەی جیهانییە و هۆکاری جۆراوجۆری هەن؛ پسپۆڕێكی منداڵانیش چەند راستییەک لەبارەی مەمە وشکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت، ''رەنگە مەمە وشکە ببێتەهۆی دروستبوونی گازەکانی گەدەی منداڵ.''
دکتۆر ئەمین موسا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و دڵ دەڵێت، ''جەڵتەی دڵ تاکە هۆکاری مردنی لەناکاوی گەنجان نییە، بەڵکو بۆماوە، ئەستووربوونی دیواری دڵ و ناڕێکی لە کارەبایی دڵ دەشێت هۆکاری مردنی لەناکاو بن.''
دکتۆر ئەمین موسا ئاشکرای دەکات، دەبێت بەدواداچوون بۆ جەستەی ئەو گەنجانە بکرێت کە لەناکاو دەمرن؛ هەروەها ئاماژە بە چەند پشکنینێک دەکات بۆ دەستنیشانکردنی ناڕێکیی لێدانی دڵ و تەندروستیی دڵ وەکو هێڵکاریی دڵ و ئیکۆ.
لە بارەی پشکنینی ئیکۆ گوتی، ئیکۆ گرفتەکانی کارەبایی دڵ دەستنیشان ناکات و مەرج نییە ئەگەر ئەنجامی ئیکۆ باش بوو تەندروستیی دڵیش باش بێت؛ بۆیە دەتوانرێت پەنا ببرێتە بەر پشکنینی هێڵکاریی دڵ، چونکە پشکنینی هێڵکاریی دڵ نەخۆشییەکانی کارەبایی دڵ دەردەخات و کۆمەڵێک ناڕێکیی لێدانی دڵ دەستنیشاندەکات، هەروەها هەموو کەسێکیش دەتوانێت بیکات، بەڵام لەکاتی وەرزش.
بە گوتەی پسپۆڕەکە، خۆراکی تەندروست و وەرزشی رۆژانە مەترسیی تووشبوون بە قەڵەوی و نەخۆشییەکانی دڵ کەمدەکەنەوە، پسپۆڕەکە رێنوێنیی هاووڵاتییانیش دەکات کە پشکنینی تایبەت بۆ تەندروستیی دڵیان بکەن.
لە کۆتایی قسەکانیدا پسپۆڕەکەی هەناو و دڵ باس لە فریاگوزارییەکی سەرەتایی دەکات کە پێویستە لەکاتی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ دەستبەجێ بۆ کەسی تووشبوو ئەنجامبدرێت و لەبارەیەوە دەڵێت: ''هەموو کەس شارەزایی لە تەکنیکی 'سینگەدڵە بووژانەوە' هەبێت، چونکە بۆی هەیە ژیانی کەسی تووشبوو بە جەڵتەی دڵ رزگاربکرێت.''
لە بەشی دووەمدا دکتۆر بەڵێن کەریم، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان گوتی، مەمە وشکە ئارامی و خەوی باشتر بە منداڵ دەدات، چونکە مەمە وشکە هاندەرە بۆ دەردانی هۆڕمۆنی ئیندۆرفین کە ئازار کەمدەکاتەوە و ئارامی بە منداڵ دەبەخشێت.
دکتۆر بەڵێن گوتیشی، مەمە وشکەی سلیکۆن بەراورد بە مەمە وشکەی نایلۆن رەقترە و زۆرتر دەمێنێتەوە، هاوکات پێشنیازدەکات، ئەو مەمە وشکانەی ژێریان فلاتە و سەریان خڕە بۆ منداڵان بەکاربێن.
دکتۆر بەڵێن بەکارهێنانی هەنگوین و شەکراو بە مەمە وشکەوە بە باش نازانێت و دەڵێت: ''تاوەکو تەمەنی یەک ساڵی نابێت هەنگوین و شەکر بدرێن بە منداڵ، چونکە هەنگوینەکە رەنگە هەڵگری زیندەوەرە وردبینەکان بێت و ببێتەهۆی نەخۆشی.''
لە کۆتاییشدا گوتی، ''دەبێت منداڵ لە تەمەنی دوو بۆ سێ ساڵی لە مەمە وشکە دووربکەوێتەوە.''
بۆ بینینی تەواوی بەرنامەکە کلیک لێرە بکە.