نەخۆشنامە؛ زۆرجار رێکلام بۆ دەرمانی گیایی دەکرێت کە نازاندرێت چی تێدایە
رووداو - تەندروستی
پۆدکاستی ئەمجارەی نەخۆشنامە بە چیرۆکی ئەو پیاوە 60 ساڵانە دەستپێدەکات کە پشکنینی تیشک ''ئەشیعە''ـی خێزانەکەی بردووەتە نەخۆشخانە و بە دکتۆرەکانی گوتووە، ''چییەتی؟'' بەبێ ئەوەی خێزانەکەی لەگەڵ بێت.
پسپۆڕێکی راوێژکاری نەخۆشییەکانی جومگە و رۆماتیزم میوانی پۆدکاستەکەیە و دەڵێت، رۆژانە رووبەڕووی ئەو جۆرە کێشەیە دەبنەوە و دەشڵێت: ئەوە کارێکی هەڵەیە بە پشکنین بڕیاری دەستنیشانکردنی نەخۆشی بدرێت، چونکە 80٪ـی دەستنیشانکردن لە پسپۆڕییەکەمان بەندە لەسەر قسەکردن لەگەڵ نەخۆش و تێگەیشتن لێی.
د. نیاز بەرزنجی، راوێژکاری نەخۆشییەکانی جومگە و رۆماتیزم باسی چارەسەرەکانی رۆماتیزم دەکات کە ئەمانەن؛
- چارەسەری کیمیایی
- چارەسەری بایۆلۆژی
- چارەسەری ئاسایی
روونی دەکاتەوە، هەندێک جۆری رۆماتیزم هەیە چارەسەری کیمیایی دەوێت و مەرج نییە ئەوە تەنیا بۆ شێرپەنجە بەکاربێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بە ئۆنلاین رێکلامێکی زۆر بۆ بەرهەمە گیاییەکان دەکرێت کە چارەسەری رۆماتیزم دەکەن، د. نیاز بەرزنجی گوتی، ''زۆرجار رێکلام بۆ هەندێک دەرمانی گیایی دەکرێت، کە نازاندرێت چییان تێدایە و هیچ دەرمانێکیش نییە چارەسەری رۆماتیزم بکات''
بەشێکی قسەکانیشیان تایبەت بوو بە راستکردنەوەی هەڵەتێگەیشتنێکی باو لەبارەی پشکنینی ESR کە باوە و بە ''پشکنینی رۆماتیزم'' لەنێو خەڵک ناوبراوە، د. هونەر رێبوار دەڵێت: ''پشکنینەکە ئاماژەیەکی گشتییە بۆ هەوکردن بەڵام پێمان ناڵێت هەوکردنەکە لەکوێیە، ئەگەریش بەرز بوو ناتواندرێت بگوترێت کە نەخۆشەکە رۆماتیزمی هەیە، لەبەر ئەوەی پزیشکەکە پێویستی بە کۆمەڵێک پشکنینی دیکە دەبێت؛ ئەو پشکنینە تەنیا پێمان دەڵێت هەوکردن هەیە کە رەنگە بەهۆی پەتایەکی ڤایرۆسی، نەخۆشیی سیل، کاتی دووگیانی، یاخود لە ماوەی بەساڵداچوون و تەنانەت شێرپەنجەش بێت''.